د. کوێستان گادانی
ڕاپەرینی مافخوازانەی خەڵکی ئێران بە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لە شاری تاران هەروا بەردەوامە، ڕاپەڕینێک کە بێدەسەڵاتیی ژینا و کوژرانی بێبەزەییانەی دایگیرساند و جیهانی هێنایە سەر هێڵ. بێگومان لەو ڕاپەڕێنەدا ڕەگەزی ژنانەبوون و باندۆڕی یەکسانیی ڕەگەزی لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی بزاوتێکی سەرانسەریی مافخوازیین کە ئێستا ئیدی بەرگژەی بۆ تەواوەتیی ڕێژیم دروست کردووە. تێڕامانێک لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک بەردی بناغەی ڕاپەڕینەکە و بەشداریی هەراوی ژنان لە ناڕەزایەتییەکاندا و چاوخشاندنێک بە ئاماری شەهیدان و دەسبەسەرکراوانی ئەم ڕاپەڕینە ڕۆڵ و پێشەنگایەتیی ژنان بە تایبەت لە کوردستان و جیاوازیی ڕاپەڕینەکە لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی پێشوومان بۆ دەردەخات. هەر ئەوەش لەجێدا ورووژێنەری پرسیارێکە کە، ئایا ئەم جیاوازییە بەم مانایەیە کە ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی ژنانە و فێمێنیستییە یان ڕاپەڕینێکی سەرانسەری؟
ئەگەر ژینا وەک ناوەندی سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەرینە دەستنیشان بکەین، دەتوانین دەروازەیەک بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بکەینەوە، ئەویش بە چەند هۆکار کە ژینا وەک سیمبول چەندین ئێلێمەنتی ئەم ڕاپەرینە لە خۆیدا وێنا دەکات، بۆ نموونە: ژنبوون (جیاوازیی ڕەگەزی)، کوردبوون (ئیتنیکی)، سوننیبوون (جیاوازیی مەزهەبی)، داپۆشینی قژ و ڕوخسار (حیجابی ئیجباری) بنەماڵەیەکی مامناوەندی
(جیاوازیی چینایەتی)، شێوەی شەهیدکردنی (مێتۆدی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم) و غەریببوون (دیاردەی پەراوێزخران و ناوەندگەرێتی) ... . ئەم چەند ئیلێمەنت و فاکتورانە نیوەی زیاتری کۆمەڵگە خۆی تێدا دەبیننەوە و لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا لە هەموو ئەو بوارانەدا نیری ئەو ستەم و چەوسانەوەیان لەسەر ملی خۆیان هەست پێ کردووە. بۆیە ئێستا هەرکام لەوان کە لە سەرشەقام خۆیان دەبیننەوە، پشتیوانی لە خواستی یەکتر دەکەن. بەو پێیە جەوهەری ڕاپەڕینەکە تەنیا پرسی نەتەوەیی یان حیجابی زۆرەملێ نییە، بەڵکوو چەندین فاکتەر وەک ئاڵقەیەک بە دەوری ژینادا کۆ بۆتەوە کە هەرکام لەو فاکتەر و ئێلێمەنە کۆمەڵێک خەلک بۆ ئەم ویستانە بە دوای خۆیدا ڕادەکێشیت. بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژناندا، ژنان لە ماوەی ڕابردوودا پێشانیان دا کە لەجێدا توانای بەڕێوبەری و ئیدارەکردنیان هەیە، هەروەها ژنان وێڕای پیاوان لە ئاستی بەرنامەڕێژی و بەڕێوبەریدا و، لەپێناو چێکردنی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتدا و یەکساندا شان بە شانی یەکتر لە سەنگەردان.
دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆی بەبێ شرۆڤەش پێمان دەڵێ ژن وەک مانای ژیانەوە و بەرهەمهێنەری ژیان دەبێ خۆی ئەوەندە ئازاد بێت کە بتوانێ ژیان و ئازادی ببەخشیتە کۆمەڵگە. بەڵام هەموو کات دەبێ لەبیرمان بێت کە بزانین داوای ئازادبوون لە چی دەکەین و ئازادیمان بۆ چی دەوێت؟ لێرەدایە کە دەبێ سرنج بدەینە ئەوەی ئەم ئێلێمەنتانەی وەک ئاڵقەیەک لە دەوری ژینادا بەرچاو دەکەون، ڕەنگبێ تەواوی ناڕازییانی سەرشەقامی ئەمرۆی ئێران نەگرێتەوە. ڕەنگبێ بۆ ژنێکی بەلووچ مەسەلەی نەتەوەیی وەک کورد یەکێک لە بنەڕەتیترین فاکتەرەکانی بەشداری بێت، بەڵام بۆ خاتوونێک لە شارێکی وەک تاران یان تەورێز ڕزگاری لە حیجابی زۆرەملێ و ئازادیی دەرکەوتن زیاتر سەرنجی ڕاکێشابێت و ئەوی هێنابێتە سەر شەقام. بەڵام گرینگ ئەوەیە هەموویان هەر یەکە و بە هەر خواستێک ئەمرۆ لە ئاستێکدا و بۆ یەک مەبەست، ئەویش نەهیشتنی ئەم نیزامە تۆتالیتێرە کار دەکەن و ئامادەی گیانیفیدایین. کەواتە ئەم ڕاپەرینە کە بە شۆڕشی ژینا ناو دەبرێ ڕەنگ و ڕووخساری ژنانەی پێوە دیارە و ئەوە ژنان بوون چەخماخەی ئەم شۆڕشەیان لێ دا، شۆڕشێک کە نەک کوردستان و ئێرانی تەنی، بەڵکوو وەک دەبینین لە ماوەی نیزیک بە سێ مانگدا جیهانی بە خۆیەوە سەرقال کردووە.
بزووتنەوەی ژینا یەکەم بزووتنەوەی ژنان نییە، بەڵام بزووتنەوەیەکی ژنانە بوو کە توانی ببێتە ڕاپەڕینێک و هەموو جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆی بخات. هەروەها تەنیا یەک بزووتنەوەی ویستتەوەر نییە، بەو مانایا کە تەنیا یەک ئاراستە بە ڕاپەڕینەکەوە دیار نییە، هەروەک باسمان کرد ناڕەزایەتییەکی فرەچەشن و فرەڕەهەندییە. لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا زۆر وڵات هەبوون کە ژنان هاتوونەتە سەر شەقام و داوای تایبەتیان وەک مافی دەنگدان و مافی بەرانبەر هەبووە و داوای ڕێفورم و چاکسازییان کردووە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، بەڵام ئەوەی ئەمرۆ شۆڕشی ژینا، ژنانی کورد و بەلوچ و ئێرانی داوای دەکەن دەروونمایەی شۆڕشێکی ژنانەیە کە داوای گوڕینی دەسەڵاتێکی ژنکوژ و منداڵکوژ لە وڵاتێکی فرەنەتەوە و نەریتیی وەک ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکات.
ئەم شۆڕشە دەتوانێ شۆڕشی ژنان بێ، هەروەک چۆن ئێستا بە "شۆڕشی ژینا" ناو دەبرێ، بەڵام ناکرێ بە شۆڕشی فێمێنیستی پێناسەی بکەین، با ئەوەش کە ویست و داخوازە بنەڕەتییەکی ژنان و عاملییەتی ژنان چەغماغەی ئەم ڕاپەرینەی لێ داوە. بە واتایەکی دیکە ئەم ڕاپەڕینە بزووتنەوەیەکی فێمێنیستیی ڕادیکاڵ نییە و ئەگەر لە پێناسەکانی شۆڕشێکی فێمینیستیشدا جێ بگرێ، پتر بە لای فێمینیستی لیبراڵدا دەشكێتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم شۆڕشە فێمینیستییە بەو بەربڵاوی و فرەڕەهەندییەی بەشداریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دروستی کردووە؛ ئێستا لە بەرگی ڕاپەڕینێکی مافخوازانەدا دەرکەوتووە. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە لەم ڕاپەڕینەدا هاوکێشەکان دەبی هاوسەنگییان بۆ بکرێت و ئەگەر چاوەڕێی دەسکەوتی دڵخوازی هەمەلایەنەش لەو ڕاپەڕینە بین، بۆ گەیشتن و دەستەبەری ئەو دەسکەوتانە نابێ شۆڕشەکە بخەینە بازنەی پێناسەیەکی تەنگەبەرەوە.
خەڵکی ئێران لە بەردەم ئەزموونێکی تازەدان. بەشێک لە هەیکەلی ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا، ٤٣ ساڵ لەوەپێش لە شۆڕشێکی مەزندا نیزامی سیاسیی وڵاتیان گۆڕی، شۆڕشێک کە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە. شۆڕشێک کە دواتر بەرهەمەکە دەسەڵاتێکی نادێموکراتیک، ئیدئۆلۆژیک، سەرکوتگەر، پەراوێزخەر و ژن و منداڵکوژی لێ کەوتەوە کە هەر ئێستا خەڵک قۆڵیان لە ڕاماڵینی هەڵماڵیوە. ئێستا هەمووان دەزانن دەسەڵاتێک کە بەرهەمی شۆڕشێکی جەماوەری بوو، دیکتاتۆرییەکی لێ بەرهەم هاتوە کە خوێنی خەڵکی لە شووشە کردووە، وەڵامی بۆ هیچ کام لە داخوازە سیاسی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی وڵات پێ نییە، تەنانەت منداڵانی خوار ٢٠ ساڵ کە لە نیزامی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیمدا پێ گەیشتوون، لە ڕیزی پێشەوەی دژبەرانی ئەو سیستمەدا جێیان گرتووە. ڕیژێمێکی گەندەڵ کە لەلایەگ گەندەڵی هەموو هەیکەلی داگرتووە و لەلایەکی دی چی سامانی وڵاتە بۆ شەڕانشۆییەکانی داناوە و بۆ ئەو ئامانجەش خەڵکی وڵاتی بەبارمتە گرتووە. بۆیە ئەو بەحەق ڕەوایە کە خەڵک هەم بە هەموو توانایانەوە لەدژی ڕابن و هاوکات بیانەوێ لە نیزامی سیاسیی داهاتووی وڵاتدا ئاسەواری هیچ کام لەو هەڵاواردن و کەمایەسییانە نەمێنن. ئەوەی لە ئێران ڕادەبڕێ تەواو ڕاپەڕینێکی مافخوازانەی پێکهاتەشکێنە، هاوکات ململانێیەکی ناهاوسەنگ لە ڕووی هێزی جەماوەری و ئیرادەی سەرکوتی ڕێژیمە. بۆیە ئەو پرسیارەش بەجێیە کە چۆنە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانییەوە ڕێژیم دەتوانێ ئەو جینایەتانە بخوڵقێنێ؟ بۆچی کاردانەوەی وڵاتان بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەئاست چاوەڕوانیی خەڵکی ئێراندا نییە؟ وەڵامەکەش بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە:
یەکەم، لە دوای پەتای کۆڕۆنا و شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین و هەروەها پشتیوانیی چین لە ئێران و هاوسەنگییەکانی ئێستا، لە جیهاندا فوکوسی تەواو لە سەر یەک شوێن و بابەت نییە، بەڵکوو وزە و فوکوسی نێودەوڵەتی دابەش بووە. هاوکات بەرژەوەندیی وڵاتان لەگەڵ یەکتری، یان بەرژەوەندیی نێوخۆیی هەر وڵاتێک کۆمەڵێک ڕێوشوێن و بەربەست بۆ جووڵەکانی، بەتایبەت لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆن و بەدیلێکی بەهێز بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە وڵاتە قەیرانلێدراوەکاندا دەستنیشان دەکا.
دووهەم، لە پێناسەکردنی کێشەکانی ئێران تەنیا بە "بەرجام" و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا، خەڵکی ئێران و پرسە گرینگەکانی ئەو وڵاتە، وەک پرسە نەتەوەیی و مەزهەبی و هەڵاواردنە ئایینی و ڕەگەزییەکان و ستەمکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشەی پێوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ ئێراندا غایب بوون. بەڵام ڕاپەڕینی ژینا تا ڕادەیەک خەریکە ڕوانگەکان لەو پێوەندییەدا دەگۆڕێ و هەڵپەساردنی دانوستانەکانی بەرجامیش دەتوانێ لەو خانەیەدا جێ بگرێت.
ئێستا بەپێی هاوکێشە نوێیەکان، واتە بەردەوامیی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین لە نێوخۆی ئێران، گۆڕینی ڕێژەیی ڕوانگەی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی جیهانی بۆ بابەتەکانی ئێران دەکرێ باس لە سێ سێناریۆ بکەین:
یەکەم: پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە چوارچیوەی نیزامی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا، بەو مانایە کە بە ئاشتەوایی لەگەڵ ڕێفورمخوازە حکوومەتییەکان و هێزی دابڕاو لە دەسەڵات و کۆمەڵە گۆڕانکارییەک لە سیاسەت و ڕەفتارەکانی ڕێژیمدا بتوانن ناوکی دەسەڵات بۆ ماوەیەکی دیکەش بەهێزتر و یەکگرتووتر بکەن و بە بەردەوامییان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان کاتێکی زیاتر بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بکڕن. دووهەم: توندوتێژیی زیاتر و سەرکوتی خەڵک و چوونە فازی حکوومەت نیزامیی لەئێستا سەختتر تا لە ڕێگەی سەرکوت و زەبروزەنگی زیاترەوە بتوانن ئیرادەی خۆیان بە سەر دۆخەکەدا بسەپێنن. سێهەم، ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و یەکگرتوو لە بەرگی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامیدا دەربکەوێ و بە بەردەوامی لە ڕاپەرین و خۆپێشاندانەکان لە نێوخۆی وڵاتدا و ڕاکێشانی پشتیوانیی دەرەکی کە ئەمە لە درێژخایەندا ڕێگا بۆ گۆڕینی دەوڵەت، سەرکەوتنی ڕاپەڕین و گۆڕینی نیزامی سیاسی و یاسای بنەڕەتیی وڵات خۆش دەکا.
پوختەی مەبەست: ڕاپەڕینی ژینا ئاوێنەی هەست و سۆزی ژنان و ئەم ستەمانەیە بە درێژایی مێژوو لە ژنان کراوە، بۆیە چەخماغەکەی ژنان لێیان دا و ژنانیش چ لە پێشەنگایەتی و چ لە بەشداریی هەراودا توخمی سەرەکیی ڕاپەڕینەکەن. دۆخی کۆمەڵگەی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییش ناگەڕێتەوە بۆ پێش کوشتنی ژینا و ئێستا ئیدی سنوور و سەنگەرەکان لە ئێران تەواو جیا کراونەتەوە. لە بەرەیەکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، ژنانی ئازادیخواز، نەتەوە مافویستە سەرکوتکراوەکانی هەتا ئێستا، لایەنگرانی یەکسانی و بەرانبەریی مافە مەدەنی، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و گۆڕانخوازە دێموکراتیکەکان وەستاون. چەکی دەستی ئەوان باوەڕ و ئیرادەی خەبات و گۆڕانکارییە. لە بەرەی بەرانبەریشدا کەمایەتیی لایەنگری کۆماری ئیسلامی کە سەرچاوەکانی ئابووریی وڵات و ئامرازەکانی سەرکوت و داپڵۆسینیان لەدەستدایە. مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانە لە وڵاتانیش پێشانی داوە کە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی بێتوو ڕەوایی و شەرعییەتی خەڵکیی نەبووبێ، بە پشتبەستن بە بەهێزترین چەک و ئامرازی سەرکوت نەیتوانیوە دەسەڵاتەکەی ڕابگرێت.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.