ئەلبورز ڕۆئینتەن
لە سەر شۆڕش و چۆنیەتی و هەروەها سەرکەوتنی بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی فەڕانسە لە ساڵی ١٧٨٦ی زایینییەوە بەردەوام دەنووسرێت و هەر کاتێک کە کردەیەکی شۆڕشگێرانە لە سوچێکی دونیادا ڕوو دەدات، وێڕای پێداچوونەوە بە مێژووی شۆڕش و تایبەتمەندیە نوێیەکانی هەر شۆڕشێک سەر لە نوێ باس دەکرێت و جیاوازی و داهێنانەکان و هەروەها ئامرازەکانی سەرکەتن لە شۆڕشە نوێیەکان دەکەونە بەر شرۆڤەی زیاتر.
ئەو بابەتە بە تایبەتی لە دوای بەهاری عەرەبی کە چەندین وڵاتی عەرەبی گرتەوە و لە هەر وڵاتێک بە ئەزمونی جیاوازدا تێپەڕی، زیاتر بووە بە باسی ڕۆژی میدیا و شرۆڤەکاران و ئاکادمیستەکان. بە چاوخشاندنێک بە هەمووی ئەو لێکۆلینەوە و بۆچوون و ئەزمون و مێژوویانەش، فاکتێکی سەرەکی هەیە ئەویش ئەوەیە ناکرێ ڕێچکەیەکی هاوبەش و دیاریکراو بۆ شۆڕش لە هەموو شوێنێک دیاری بکرێت، بەڵکوو بە گوێرەی هەلومەرج و کات و شوێن هەر شۆڕشێک لە کۆتاییدا وەک ئاوێک کە دەڕێژرێ ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە.
لەسەر شۆڕشی ئێستای بەردەوام لە کوردستان و ئێرانیشدا ئەو ڕاستیە دەتوانین ببینین، چونکە ناکرێ بەتەواوی بە شۆڕش لە فەرهەنگی چەپ یا ڕاست، یا بە بەهاری عەرەبی یا جووڵانەوە کۆمەڵایەتییە کۆن و نوێ لە ئورووپا بشوبهێنرێت. بەڵکوو هەندێک تایبەتمەندی وایکردووە کە ئەو شۆڕشە جیاواز و تەنانەت دەگمەن بێت. هەربۆیەش لەوانەیە سەرکەوتنەکەشی جیاواز و دەگمەن بێت، هەر بۆیە نابێ لە کاتێک کە ناڕەزایەتیەکان کە دەگەنە ئەوپەڕی بەهێزی پێمان وابێ کە ئیتر کار تەواوە، دەبێ تا کاتی ڕووخانی ڕێژیم بە شێوەیەکی جیدی بەردەوام بین، هەروەها نە ئەو کاتەی کە ناڕەزایەتییەکان ڕوو لە لاوازی دەچن لەو باوەڕەدا بین کە ئەو شۆڕشە ئیتر بەتەواوی سەرکوت کراوە.
لە هەمووی ئەوانەش گرینگتر یەکێک لە تایبەتمەندییە هەر بەرچاوەکانی ئەو شۆڕشە ئەوەیە کە دەتوانێ بەردەوام داهێنانی نوێ بۆ بەردەوامبوون دروست بکات، لە لایەکی دیکەوە ئیتر ئەکتی شۆڕشگێرانە بووە بە ئەکتێکی ڕۆژانەی خەڵک کە لە هەر دەرفەتێک بۆ بەردەوامبوون دەیقۆزنەوە. هەر بۆیەش نیگەرانی لە وەستانی ئەو شۆڕشە کە نزیکەی سێ مانگە بەردەوامە، دەبێ وەڵا بنێین و دڵنیایی سەرکەوتنی شۆڕشمان هەبێت و بەرنامە بۆ سەرکەوتنی دابنێین چونکە، شۆڕش بۆتە بەشێک لە ژیانی مرۆڤەکان، واتە شۆڕش وا لە ناخی خەڵکدا ڕۆچووە و جێگیر بووە کە قوتابییانی قوتابخانە سەرەتاییەکان وەک یارییەک بە دوای یەک دەکەون و درووشمەکانی شۆڕش دووپات دەکەنەوە، یا قوتابییانی قوتابخانە ناوەندی و دەبیرستانەکان لە کۆتایی کاتی مەدرەسە تەنانەت ئەگەر ژمارەیەکی کەمیش بن دەست دەکەن بە ڕێپێوان و خۆپێشاندان و درووشمدان.
لە وتارێکی وێبسایتی ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠١١ کە لە لایەن ڕۆکسانا فەرمانفەرماییان، مامۆستای زانکۆی کەمبریج وەک وانەی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ خەڵکی ڕاپەریوی میسر دەنووسێ، ئەو وانانە بەو شێوەیە باس دەکات، کە یەکەمیان شۆڕش کاتی دەوێ. ئەو کە ئاماژە بە سووتاندنی سینەما ڕێکسی ئابادان وەک دەستپێک دەکات تا کاتی سەرکەوتن لە ٢٢ ی ڕێبەندان ساڵێک و مانگێکی خایاند. وانەی دووهەمی ئەوەیە کە ڕێژیمە دیکتاتورەکان کە دەسەڵاتی خۆیان چەسپاندووە بە هێمنی لەنێو ناچن، هەر وەک ڕێبەری نەمرمان دکتور قاسملووش لەسەر ڕێژیمی ئێران لەو باوەڕەدا بوو ئەو ڕێژیمە تەنیا بە بابەت نووسین ناڕووخێ. وانەی سێیەم کە خانمی فەرمانفەرماییان باسی لێوە دەکات، ئەوەیە کە سوپای لەشکری جێگای متمانە نییە، تەنانەت باسی لە ئەرتەشی ئێرانی پاشایەتی دەکات کە یەکێک لە ئەرتەشە بەهێزەکانی دونیا بوو، بەڵام نەیتوانی تا سەر ڕووبەڕووی خەڵک بێتەوە، ئەوەی ئێستاش لە چوارچێوەی هەڕەشەکانی سوپای کۆماری ئیسلامیشدا چ لە ئاستی نێوخۆی و چ لە ئاستی دەرەوەدا و هەروەها بە تایبەتی ئەو هێرشە مووشەکییانەی کە دەکات دەبینینن، بە دڵنیاییەوە ناتوانێ ببێتە گارانتی بۆ مانەوەی ڕێژیم، بەڵکوو پڕۆپاگەندەی ڕیژیم لەو بوارە و تەنانەت بەکارهێنانی نیشانەی ترسی زۆری ڕێژیمە. وانەی چوارەم بۆ میسرییەکان لە ئەزموونی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا باس لە مانگرتنەکان وەک گرینگترین خاڵ لە سەرکەوتنی شۆڕش دەکات، کە لە شۆڕشی ئێستادا بە چڕی بەردەوامە کە توانیویەتی کاریگەرییەکی باش دابنێت، تەنیا مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان نا، بەڵکوو مانگرتنی چین و توێژە جیاجیاکان توانیویەتی بەردەوامیی ئەو شۆڕشە نیشان بدات و لە داهاتووشدا کاریگەرییەکی زۆرتریش لە سەر باشتر بەڕێوەچوونی شۆڕش دادەنێ.
دوایین وانەی فەرمانفەرماییان کۆنتڕۆلی میدیای دەوڵەتییە. ئەو بابەتە لەوانەیە ساڵانی بەر لە ئێنتێرنێت و ماسمیدیا گرینگی خۆی هەبێت لە ئێستادا بە هۆی هەبوونی ئینتێرنێت و ماسمێدیا و سمارت فۆن ئەو گرینگیەی جارانی نەماوە، تەنانەت ئەمجارە ڕێژیم بە پچراندنی ئینتێرنێتیش نەیتوانیوە کە شۆڕش لە بەرەوپێشچوون بوەستێنێ، بەڵکوو بە گەڕانەوە بۆ تاکتیکی بەر لە سەردەمی ئینتێرنێت خەڵک شۆڕشی بەردەوام کردووە کە ئەوەش یەکێک لە داهێنانەکانە، لە لایەکی دیکەوە هەککردنی بەردەوامی میدیای دەوڵەتی لە لایەن گروپەکانی هەککریەوە، بۆتە هۆی ئەوەی لاوازیی ڕێژیم لە بوارەشدا دەربکەوێت کە ئەوەش شوێندانەری ئەرێنی لە سەر بەرەوپێشچوونی شۆڕش هەبووەو لە داهاتوو زیادتریش دەبێت.
هەمووی ئەو وانانە لەلایەک باسی ڕێبەریکردنی شۆڕش لە لایەکی دیکە هەر جێگای مشتومڕە، بەتایبەتی ئەوەی کە لە فەرهەنگی چەپدا زۆر گرینگییشی پێ دەدرێ ئەوەیە کە ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنی شۆڕش لە لایەن ئۆرگانیزێکی دیار پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە، نەک لە شۆڕشێکی وەک شۆڕشی ئێستا کە لە کوردستان و ئێراندا بەردەوامە، بەڵکوو تەنانەت لە جووڵانەوەی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییە جیدیەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاواش باس لەو بابەتە دەکرێت. لین هارتنێت مامۆستای زانکۆی ڤیۆلۆنا لە سەر بابەتی ژورنال ستریت لە سەر ڕێبەرایەتیی شۆڕش دەڵێت: "زۆر جار شۆڕش هەنگاوی هەستیار هاوسەنگی لە خۆ دەگرن. پێشەنگەکانی شۆڕشگێڕان پێویستیان بە پشتیوانیی جەماوەرییە لە هەمان کاتدا پێشەنگەکانی (ڕێبەران) شۆڕشیش دەبێت وزە و خولیای شوێنکەوتووانی خۆیان بەکار بهێنن و ڕێنمایی بکەن. سەرەڕای ئەوەش، بزووتنەوە جەماوەرییەکان بەبێ سەرکردایەتی و وتەبێژ و پلانێکی ئایدیۆلۆژی شکست دەهێنن."
ئەگەر ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵگەی ئەمریکای پێشکەوتوو کە دوو سەدە بە سەر شۆڕشە سەرکەوتووەکەی بۆ بونیادنانی ئەمریکا تێپەڕبوو پێداویستی بێت، ئەوە لە کۆمەڵگەی ئیمە ئەو پێداویستیە جیدیتر خۆی دەنوێنێت. بەڵام لە هەمان کاتدایشدا لە بەرانبەر ئەو هزرە تەنانەت بە هێنانەوەی نموونەکانی بەهاری عەرەبی ئەم بابەتە گرینگی خۆی لە دەست دەدات و دەگوترێ ئیتر خەڵکی گۆڕەپانەکان و شەقامەکان دەتوانن خۆیان ڕێک بخەن و بەرەو سەرکەوتن بڕۆن.
بۆ وەڵامی پرسیاری کام یەک لەو دو نموونەی سەرەوە لە سەر شۆڕشی ئێستای ژین ژیان ئازادی وەڕاست دەگەڕێ، ئایا ئەو شۆڕشە بێ ڕێبەر سەردەکەوێت یا بە ڕێبەر، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو بابەتەی کە لە سەرەتا باسم کرد کە هەر شۆڕشێک تایبمەندیی خۆی هەیە ڕێگەی خۆی هەر دەدۆزێتەوە، شۆڕشی ژین ژیان ئازادی دەتوانێت تێکەڵاوێک لە هەر دووکیان بێت، بەڵام لە سەر ئەوەی کە لە کوردستان ڕوو دەدات پێداویستی بە هەبوونی ڕێبەرایەتی زیاتر بەرچاوە، چونکە ئێمە زیاتر لە شۆڕش تەنیا بۆ ڕووخاندن پێویستیمان لە شۆڕش بۆ ڕووخاندن و بونیادنان هەیە کە بتوانێ خەباتی ڕەوای کوردستان بە ئاکام بگەینێ، کە تەنانەت تەنیا ئازادی نا بەڵکوو لە هەمان کاتدا هەندێک گۆڕانکاری جیدی کۆمەڵایەتی کە بە هۆی سیاسەتی داگیرکەرانە بە سەر کۆمەڵگەکەماندا سەپاوە نەمێنێ وکۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و دێموکراتیک بەدی بهێنێ، ئەوە تەنیا بە ویستی کۆمەڵانی خەڵک مومکین نابیندرێت بەڵکوو بە ویست و خەباتی خەڵک و ڕێبەڕایەتیەکی خاوەن بەرنامە باشتر مومکین دەبیندرێت. هەر بۆیەش ئەوەی لە کوردستان لە چوارچێوەی حیزبی سیاسی کە هەیە و لەنێو خەڵکیش پێگەی هەیە توانیویەتی جیاوازییەکی قوڵ لەگەڵ ناوچەکانی دیکە درووست بکات بە دەوڵەمەندییەکی بەهێز ببیندرێت و لە ئەگەری باشتر بە ئەرکی خۆی هەڵستانی ئەو ڕیبەڕایەتییە و حیزبەکان گەرەنتیی زیاتر بۆ هەبوونی داهاتوویەکی جیاواز بە مانا باشەکەی هەیە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.