کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی سەردەمی سیاسەتی ناکۆکی بنێ‌وە و حوکمەت بکە

00:12 - 17 سەرماوەز 2722

زانیار حوسێنی

لەدوای کووشتنی ژینا ئەمینی، ئەوەی تا ئێستاکە لەپاش تێپەڕبوونی ٨٠ ڕۆژ لەو شۆڕشە هاتۆتەوە ئاراوە و هەموو جیهانی تەنیوە، ئەوەیە کە خەڵک نە پاشگەز دەبێتەوە، نە چیی تر هیوایان بە چاکسازی لە هەر ئاست و بوارێکدا ماوە لە حەیاتی ئەو دەسەڵاتەدا.

ئەوەی لەو خۆپێشاندانانەدا کە ئێستاکە چۆتە قۆناغی شۆڕشەوە ڕوی داوە، لەڕاستیدا ئەوەیە کە نە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقی و نە دژبەرانی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە پێیان وابوو کە لەسەر کووشتنی کچێک، تەواوی ئێران یەکدەنگ دەبێت و بەو شێوەیە دەڕژێتە سەرشەقام؛ چوونکی ئەوە بۆ هەموو لایەنێكی سیاسی، چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و ڕۆژنامەنووسەکان بابەتێکی لەڕادەبەر دووپاتکراوەیە کە کچێک یان کوڕێک بەهەر هۆیەک لەلایەن دەزگاکانی ئەمنییەتی یان نیزامیی ئێرانەوە بکوژرێ. یەکەمجاریشە لە چەشنی خۆیدا کە بەشەکانی دیکەی ئێران ئاوا بە دەنگی کوردستانەوە دێن و ئەو جۆرە ناڕەزایەتییانە پێکەوە هاوبەش بکەن و پەرە بستێنێ بۆ هەر چوار گۆشەی ئێران.

جێی پرسیار و لێکۆڵینەوەیە کە بۆ دەبێ حاڵەتێک و دۆخێکی وا بێتە پێش لەو جوگرافیایە کە وردترین و بەئەزموونترین شیکارەکانی ئەو ناوچەیە لە بواری جۆراوجۆردا، نەیانتوانیبێ ئەو جۆرە لە خۆپێشاندانەکاندا پێشبینی بکەن، یان لانیکەم وەک ئەگەرێک ئاماژەی پێ بکەن؟ بەڕاستی نەبوونی ڕێكخراو و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و میدیای سەربەخۆ ڕێگری ئەو مەسەلەیە بووە؟ یان تاکوو ئێستاش پوتانسییەل و زەرفییەتەکانی ناو ئەو جوگرافییایە بەدروستی نەناسراوە؟ چ شتێک یان شتگەلێکی شاراوە لەژێر پێستی هزر و ڕای گشتیی شارەکانی ئەو وڵاتە گوزەراوە کە هیچ لایەنێكی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی لە سەتا یەکیش، بیری لەوە نەدەکردەوە کە کووشتنی کچێک یەکێك لە گەورەترین ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانەکانی ئەو سەدەیەی لێ بکەوێتەوە؟

کۆمەڵگەیەک یان باشتر وایە بڵێین کۆمەڵە کۆمەڵگەیەک لەنێو ئەو وڵاتە کە هەمیشە هەوڵ دراوە وەک یەک کۆمەڵگە پێناسە بکرێت بەڵام جیاوازییە جۆراوجۆرە ناسراوەکانی لە هەر بەشێکیدا دیار بووە، بۆ یەکەمجار وەک کۆمەڵە کۆمەڵگەیەک کە لە ئاستێکی باڵادا خاڵی هاوبەشیان زۆر بووە و بۆ دوو مەبەستی سەرەکی هاتۆتە سەرهێڵ؛ یەکەمیان لادانی دەسەڵاتێکی خوێنمژ و دیکتاتۆڕە و دووهەمیان دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکە بە لەبەرچاوگرتنی ئوسوول و پڕەنسیبە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ کە لەسەر ویست و خواستی ڕەوای ئەو خەڵکە بێ و ڕێزی لە کەرامەتی تاک و کۆمەڵگە بگرێت و لە هەموو بەشەکانی مانیفێستی دەسەڵاتداریدا بیگوونجێنێ. لەڕاستیدا بەشە شاراوەکانی ئەو کۆمەڵە کۆمەڵگەیە بە چ ڕەهەندێک و تایبەت بە کام چین یان چینەکانە و هەر یەکەی لە چ ئاستێک دابووە کە سەرەڕای ئەوەی هیچ بەشێک و لایەنێکی بەڕوونی و بەوردی نەدیتراون بەلام بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و لەبەرچاوان ون، ناڕاستەوخۆ بەیەکدی لکێنراون. تەنیا ڕێگە بۆ بەدرووستی چوونەژوور لەو بابەتە، بەجیا چاولێکردنی کۆمەڵگەی هەر نەتەوەیەکە بۆ دەرکەوتنی ئاسۆیەکی تەواو و کامڵ لەو پازێلە شێواوەی ئێران.

لەو سەرهەڵدان و شۆڕشە دوو گەل زۆر بەرچاو و دیارن، کورد و بلووچ. کوردەکان کە لە سەرەتای دامەزرانی دەسەڵاتی مێزەربەسەرە قومی و نەجەفییەکان بڕیاری خۆیان دا و ئەو دەسەڵاتەیان وەک داگیرکەر پێناسە کرد و ڕوویان کردە ڕەهەندە جۆراوجۆر و جیاوازەکانی خەبات لەتەواوی تەمەنی ئەو دەسەڵاتەدا. بەلووچەکانیش هەر وەک کوردەکان ئەو ڕێگەیان هەڵبژارد و تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێ لەسەر ئەو ڕەوتە و ڕێگەیە بەردەوامن.

ئەو بابەتە بۆ تورکەکان هێندێک جیاواز بوو، هەرچەند ئەوان لە چەند قۆناغدا ناڕەزایەتییان دەربڕی و خۆپێشاندانیان کرد بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر جۆری هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ وان وەک بەشەکانی دیکەی ئێران و گەلانی دیکەی نێو ئەو قەوارەیە، بەتایبەتمەندی جیاواز داڕێژرابوو. تورکەکان لە بواری ئابووری و هەروەها نیزامی بەتایبەت لە ڕیکخراوی سوپای پاسداراندا مەیدان و بەهایەکی زۆریان پێ درا. هەروەها لە دامودەزگا ئەمنییەکان وەک ئیتلاعاتی وڵات، زانیاری و هێزی پۆلیس بەستێنێکی بەربڵاویان بۆ ڕەخساندن؛ جگە لە بەشی ئابووری ئەو حاڵەتە بۆ گیلەکەکان و مازەنییەکانیش درووست کرا و ڕێک خرا.

عەرەبەکان، بەختیارییەکان و لۆڕەکان بەکورتی دەتوانین بڵێین لە هەمووشتە سەرەکییەکان بێبەش کران و تەنیا لە بازنەی ناوچەی خۆیان لەنێو ئێراندا ڕکەبەری ئابووری، کشت و کاڵی و مودیرییەتیان لە ئاستێکی زۆر خوارێ بۆ پێک هێنان و بە تێکدانی ژینگەیان بەشێوەی دەورەیی و دیاریکراو بەڵام بەزیندوو ڕاگرتنی کێشەکان لە نێویاندا، جۆری نیشتەجێ بوونیانی تا ڕادەیەکی بەرچاو گۆڕدرا ( هەمان سیاسەتی ڕەزا میرپێنج لەو ناوچەیە، بەڵام بەشێوەیەکی ئارامتر و وردتر). لۆڕەکان و عەرەبەکان لە دامودەزگای دیکە وەک تاقمی زەربەت، نێپۆ و دژەشۆڕش سازمان دران.

بەڵام کورد و بلووچ تەنیا بەشێوەیەکی بەرچاو و ڕێژەیی لە پایگا و بنکەکانی سوپای پاسداران و بەسیج سازماندەهی کران و لە بەشە ئەمنییەتییەکانی دی کەمتر بوونیان دیارە و دەرکەوتووە؛ لێنەزانی ستراتیژیک و بەئانقەستی ڕێژیمی ویلایەتی فەقی لە ناوچەکانی کوردستان، بەلووچستان، خوزستان و ئەو ناوچانەی کەمینە ئەتنیکییەکان تێیدا نیشتەجێن، هۆکاری سەرەکیی پەیوەستبوونی خەڵکی ئەو ناوچانەیە بە دامودەزگای نیزامی، ئەمنی و سەرکوت.

دەسەڵاتی ویلایەتی فەقی تەنیا لەو پارێزگایانەی کە فارسی لێ نیشتەجێیە یان کولتوور و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی فارسی بەسەردا زاڵە، خۆی وەک حکومەتێكی تا ڕادەیەک خەڵکی دەرخستووە و خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی باشتر و پێشکەوتووانەتر لەو بەشانەدا وەگەڕ خستوە.

لەڕاستیدا سیاسەتی ئەو ڕێژیمە بۆ هەر گەلێک بە شێوەیەکی جیاواز هەڵبژێرداوە و داڕێژراوە؛ لەنێو هەناوی هەر سیاسەتێکی تایبەت بۆ گەلێک، سەرلەنوێ بەپێی جیاوازی کولتووری، ئایینی و نیشتەجێیبوونیان، وردبینانەتر پیلانەکان جیا کراوەتە و ئاڵوگۆڕی تێدا پێک‌هێنراوە.

بۆ نموونە لەنێو کوردەکاندا، سیاسەتی ڕێژیم لە پارێزگاری ورمێ بەهۆی تێکەڵاویی کورد و تورک، جیاوازە لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیمی تاران لە پاڕێزگاکانی کرماشان و ئیلام و سنە؛ بەو مانایە لە یەک سیاسەتی گشتی بۆ گەلێک، چوار سیاسەتی جیاواز لە چوار پاڕێزگا دانراوە. بەشێوەیەک کە بتوانێ ئەو گەلە لەو چوار پاڕێزگایە لەبواری ئێتنیکی، زمانی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی بەبیانووی ئایینی، زاراوەی ناوچەیی و پێناسەی شووناسی بنەماڵەیی و جوگرافی لەیەکدی هەڵبڕێ؛ ئەوە خۆی بەشی نێوخۆیی بۆ ئەو نەتەوەیەیە و هەوکات لە ئاستی گشتگیردا بە دیاریکردنی سنووری هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی ئەو گەلە لە ڕێگەی میدیاکان و کار و چالاکییەکانی دام ودەزگای ڕیکلامی بە شێوەی مەیدانی، دەورەیی و بەبیانووی ڕێ و ڕەسمە تایبەتەکانی خۆیان بەنیسبەت گەلانی دیکەی ئێران ئەو دابڕانە لەو حاڵەتەشدا وەسەریەک بخاتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بە ئامار و داتای هەڵە ئەو بۆشاییانە زیاتری بکات.

لە بواری سیاسی، ئیداری، ئابووری و نیزامی هەڵسوکەوتی ڕێژیم لە نێوخۆی پارێزگایەکی کوردی لەگەڵ پارێزگایەکەی دیکەی کوردی جیاوازی بەرچاو و زەق دەبینرێ. بۆ نموونە بە کەڵک‌وەرگرتن و زەقکردنەوەی ئایین و کەمڕەنگ کردنەوەی بواری نەتەوەیی کورد لە کرماشان، مەیدان و دەرفەتێکی بەرفراوانتر دراوە بە کورد لەوێ بۆ بەشداریکردنی لەو چوار بوارەی لەسەرێ ئاماژەمان پێ کردن و بەهۆی ڕێژەی زۆری نیشتەجێ بوونی کورد لەو پارێزگایە، وەرگرتنی کورد لە ئەرتەش زۆر بەرچاوە و بە پرۆپاگەندە هەوڵ دراوە کە وەک بایەخێک لەو پارێزگایە چاوی لێ بکرێ و لە هەمانکاتدا کورد کەمتر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە وەربگیردرێ. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەرک و دەسەڵاتی ئەرتەش لە ئێران و لەبەرانبەر سوپای پاسداراندا. لە حاڵێکدا لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و ئیلام دەرگای وەرگیرانی کورد لە سوپای پاسداران ئاوەڵایە و کەمتر کورد لەلایەن ئەرتەشەوە وەردەگیرێ، یان لەو ناوچانە سازمان دەدرێن؛ ئەوەش لە کەس شاراوە نییە، جیا لەوەی کە بە سیاسەتی ئابووری، ڕاگرتنی پڕۆژەکانی ڕەخساندنی هەلی کار بەشێوەیەکی پۆلێنبەندی کراو و هەنگاو بە هەنگاو چووەتە پێش، بەو هیوایە کە هیچ ڕێگەیەک نەهێڵێتەوە بو تاکی کورد و لە هەمبەر دووڕێیانی کۆچ یان پەیوەستبوون بەو ڕێکخراوە حکوومییانەی دابنێ.

سیاسەتی دەسەڵات لێکدابڕاندنی هەر گەلێکە لەنێو بازنەی خۆیدا بەبیانووی جیاوازییە ئاساییەکان (کە لەنێو هەر گەلێك لەجیهاندا بوونی سروشتی هەیە) و دواتر پێناسەکردنی هەرکامیان لە بەشێکی دیکە و لە بازنەیەکی گەورەترە بەجۆرێك کە بازنەی پێناسەی سەرەکی ئەو گەلە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ قەتیس تر بێتەوە. وەک نموونە بە کورد دەڵێ قەوم بەڵام هەورامی وەک پێناسەی کولتووری و زمانی بە نەتەوە پێناسە دەکات یان بەنیسبەت کرماشانی هەروەها و کورد لە ئیلام بەجۆرێکی دی و هتد؛ لەحاڵێکدا کە گەلی کورد وەک هەموو گەلانی جیهان لە کۆمەڵێک بناغەی ئیتنیکی لەنێو جەرگی ڕەچەڵەکێک پێک هاتووە.

ئەو سیاسەتە بۆ بەلووچ، عەرەب، گیلەکی و مازەنی و تا ڕادەیەک بۆ توورک بەکار دێت و بۆ هەرکام بەپێی زمان، کولتوور، مێژوو، کۆمەڵگە، ئایین، پێکهاتەکانی و بەتایبەت جیاوازییە ئاساییەکانی نێو ئەو بوارانە داڕێژراون. لە ئاکامیشدا بڵاو کردنەوە و پەرتەوازەکردنیانە لەنیو دامودەزگا جۆراوجۆری ئیداری، ئەمنی و نیزامی وڵاتدا بەبیانووی جۆراوجۆر و هۆکاری ئابووری، خزمەتگوزاریی زیاتر و هتد. لەو حاڵەتەشدا بەشێوەیەک پیلانەکان پۆلینبەندی دەکات کە هەر گەلێک ڕووبەڕووی گەلێکی دیکە بکاتەوە و مەترسی تووانەوە بەهۆی بوونی بەرانبەریان بۆ ساز بکات، هەوکات لەنێو هەناوی هەر گەلێكدا کە جیاوازییەکان دەکاتە ئامانج، بەنێوبژیوانی لەنێویاندا بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئاکامی کێشە و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ یەکدی، زیاتریان بازنە بازنە دەکات و بە شێوە و ویستی خۆی، بشێویی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی زیاتر پێک دێنێ تا وەک دەسەڵاتێکی بەهێز حوکمیان بەسەردا بکات.

بەڵام ئەوەی لەچاوی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە ون بووە، هێز و توانای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی ناوچەیی لە هەر بەشێک لە ئێران و ئاڵوگۆڕی ڕوانگەی نەتەوەکانی ئێران بەنیسبەت یەکدی و وشیارتربوونەوەی نەتەوەکانی ئێرانە کە بەشی هەرە زۆری بە تێکەڵاوتربوونی ئەو گەلانەیە بەهۆی پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. جێگەی ئاماژەیە کە بگوترێ کە مێژوو ئەو ڕاستییە دەرخستووە کە تێکدانی ڕاستییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک و بەلاڕێدابردنی ویست، خواست و مافە ڕەواکانی خەڵک، لەئاکامدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕەوتە درووست و ئوسولییەکان لەنێو جەرگەی ئاشکرا و شاراوەیەی ئەو کۆمەڵگەیەدا. بەهەمان شێوە لەنێو کۆمەڵگەکانی دیکە و ئەو ڕەوتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانە بەهۆی خاڵی هاوبەش بەیەکدی دەلکیندرێن و دەبێتە هۆی سازبوون یان ئامادەبوونی بەستەرێک بۆ پڕ ڕەنگکردنەوەی ڕاستییەکان و لادانی ڕەوشتە دەسکردە غەیرە ئوسوولییەکان، بەپێی ڕادەی تێکدان یان تێكچوونی ڕاستییەکان؛ شاڵاوی تەنینەوەی ئەو ڕەوتە پێکهاتووانە بۆ گەڕاندنەوەی واقەعیاتی کۆمەڵگە یان هەر کۆمەڵگەیەک لە چوارچێوەی خۆیدا، توندتر و خێراتر دەبێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.