کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسی یاسایی و بەرگریی ڕەوا

00:16 - 17 سەرماوەز 2722

ڕەزا دانشجوو

سێکانسی یەکەم

بەپێی پلانێکی پێشوەختەی دیاریکراو، دوای سەرکەوتنی تیپی تۆپی پێی ئێران بەرانبەر بە وێڵز، بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە کاتێکدا ئاڵای کرێتی کۆماری ئێسلامییان لە سەرووی نێزەی تفەنگەکانیانەوە هەڵواسیوە، خەریکی نواندنی شانۆی گاڵتەجاڕی هێزنواندن لەنێو جەماوەری خەمباردان. بەکرێگیراوانێک کە سەماکردن بۆ خاوەن تاج بۆتە خووی ڕۆژانەیان، ئێستا لە سەربانی ئۆتۆمبێلێک سەما دەکەن کە هەر چەند ڕۆژ لەمەوبەر هەر لەنێو ئەم ئۆتۆمبێلەوە دڵی منداڵە بێتاوانەکانی ئەم خاکەیان دەکردە ئامانجی گوللەکانیان. لە گۆشەیەکی تردا تاقمێک بەکرێگیراو بە هەمان دەست کە هێشتاش بە خوێنی لاوانی کورد سوورن، بەڵێ، بە هەمان دەستە ناپاکەکانیان، دەسماڵی چۆپی‌بەدەست هەڵدەپەڕن. خۆبەزلزانینی نەبڕاوەی مووچەخۆرانی دەزگای ویلایەتی فەقێهـ. کەسانی سووک و بێ‌ئابڕوو و بێدەسەڵات تەنانەت لە کاتی پێکەنین و گریانیشدا. نۆکەرانی دەرباری ئاخوندی، گوێ لە فەرمان بۆ کوشتن و دەستدرێژی و لەسێدارەدان.

سێکانسی دووهەم

خەڵکانێکی دڵخۆش، وەک ئەوەی هیچ شتێکی تر لەم کاتەدا نەتوانێت ئەوەندە دڵخۆشیان بکات، خەمبار لە شەقام و کۆڵانەکاندا، بەڵام کەیف‌خۆش بە شکستی هێزەکانی دیکتاتۆر، دڵنیا لەو ڕاستییە کە ناڕاستی هیچ‌کات تا سەر نامێنێت، ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن. دەنگی هەرای خەلک و هۆڕنی ماشێنەکان هەموو کەس ئاگادار دەکاتەوە، تەنانەت ئەوانەی کە خەویان زۆر قورسە، چ بگا بە ئەوانەی کە نیشان دەدەن کە خەوتوون و گوێیان لێ نییە! ئەو بەکرێگیراوانەی کە دوێنێ سەمایان دەکرد، ئێستا گەڕاونەتەوە سەر کاری خۆیان و خەریکن دیسان بۆ کوشتن فیشەک لەنێو خەڵکدا دابەش دەکەن، بەدوای سەردا دەگەڕێن بۆ پەتەکانیان. بۆنی خوێن جارێکی تر هەوای ئەم شارە خەمناکەی پڕ کردۆتەوە، بە دابی هەمیشەیی و پێشوویان بە خوێنی کوژراوەکان دەستنوێژ دەگرن و لەسەر جەستەیان نوێژ دەخوێنن. ئەمە ڕاستیی مەکتەبی وەلایەتی فەقێیە.

سێکانسی سێهەم

بکوژە بێ‌ڕەحمەکانی ڕێژیم بە تانک و هامەر و بە فیشەکی دۆشکا چوونە شەڕی خەڵکی بێ‌دیفاع لەسەر شەقامەکان، خەڵکانێک کە جگە لە بەرد و شەرەف هیچی تریان پێ نییە، هەندێک جار تەنانەت بەردیشیان لە دەستدا نییە و وەڵامیان لە بەرانبەر فیشەکدا تەنها هاوار و دروشمە. بەکرێگیراوەکان بە دڕندەییی بێهاوتا خەریکی خۆڵقاندنی تاوانێکی مرۆڤین. جگە لە دەنگی فیشەک و گریان هیچی تر نابیسترێت، شەقام پڕە لە تەرمی ئەو کەسانەی تاقمێکیان تەنانەت هیچ پەیوەندییەکیان بە شۆڕشی ژیناوە نەبووە و تەنیا تاوانیان بوون لە کات و شوێنێکی دیاریکراو و کەوتن بەر فیشەکی بێ ئامانجی بەکرێگیراوانە، مەبەست هیچ گرینگ نییە،  فەرمان تەقەکردنە و ئەوان دەبێ تەقە بکەن، ئێستا قەتڵ و کوشتن بۆتە خووی ڕۆژانەیان، هیچ جیاوازییەک لەنێوان منداڵ و ژن و پیاودا نییە. دەبێت بکوژن تا فەرماندە ڕق‌لەزگ و بێدەسەڵاتەکەیان کەمێک ئارام بێتەوە.

سێکانسی چوارەم

بەکرێگیراوێک کە کەوتۆتە دەستی شۆڕشگێڕان و تەنانەت گوتنەوەی "مەرگ بۆ فەرماندەی بێدەسەڵات"، ناتوانێت لە دەست شۆڕشگێڕان ڕزگاری بکات. چەند فەرماندەی پلەباڵای سپای پاسداران لە چەند شاری جیاجیا لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە سزا دەدرێن. بە ئاخوندەکانی حکوومەتی و نوێنەرانی بەکارنەهاتووی مەجلیسی ڕژێم ڕاگەیەندراوە کە ئاگاداری فەرمانگە و ماڵەکانیان بن. لەم ڕۆژانەدا بنکەکانی بەسیج، ناوەندەکانی گەندەڵیی کۆماری ئیسلامی، یەک لە دوای یەک لە ئاگری شۆڕشگێڕاندا دەسووتێن. ئێستا فەرماندەی سوپاش بەتەواوی ئاگاداری ئەم ترسە لە سەربازەکانیدا بووە. دیکتاتۆر لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەسیجییەکانی ئەڵقەلەگوێی، هەستی بە قووڵایی ئەم کارەساتە کردووە، دەزانێت چیتر توانایی ڕابردوویان نییە لەبەردەم ئەو خەڵکەی کە ئێتر ناترسن، قورئان بۆ بەکرێگیراوەکانی دەخوێنێتەوە ڕەنگە بتوانێت دیسان ئیرادەیان بەرز بکاتەوە، بەڵام زیاتر وەک خوێندنەوەی سورەتی یاسین وایە بۆ جەماعەتی ترساوی دڵ‌مردوو.

سڕینەوەی شوناسی و شوناسیی دەستووری

کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی دامەزرانیەوە دەستی کرد بە سڕینەوەی هەموو نیشانەکانی شوناسی ئەوانیدی. زمان و جلوبەرگ و ڕێوڕەسم و داب و نەریت و هەموو ئەو شتانەی کە لە بیری دۆگماتیک و دواکەوتووی ئاخوندەکاندا جێیان نەدەبۆوە، بە بیانووی دژایەتی لەگەڵ ئایینی دەسکرد و ساختەی ویلایەتی فەقێهـ یان قەدەغە کران یان بەتەواوی لە ڕێبازی ڕاستەقینەی خۆیان لادران. هەرچەند کۆماری ئیسلامی بەشێکی زۆر لەم سەروەت و سامانە فەرهەنگییانە لە ڕواڵەت و لە شێوەی نووسیندا قبوڵ کرد و تەنانەت لە ئاستی دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دا ئاماژەیان پێکراوە، بەڵام بە کردەوە بە هەموو شێوەیەک حەوڵ درا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان. بۆ نموونە زمانی کوردی تا ئەوکاتەی بۆ ستایشی ڕێبەری ڕێژیم و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەکار دێت، ڕێگەپێدراوە؛ بەڵام کاتێک لە گێڕانەوەیەکی سەربەخۆدا، چ نووسراو بێت یان بە قسە بەکاردێت، نیشانەی تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات و جیابوونەوەیە. لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بۆ بەکرێگیراوانی نێوخۆی ڕێژیم نیشانەی ڕێزگرتنە لە فەرهەنگی کوردی، بەڵام لەبەرکردنی هەمان جلوبەرگ بۆ کەسانی سەربەخۆ نیشانەی پەیوەستبوونە بە گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان. هەڵپەڕکێ لە جێژن و کۆبوونەوەکانی حکوومەتی جوانە و ڕێگەپێدراوە، بەڵام لە بازنەی تایبەتدا و گردبوونەوەکان خەڵکانی سەربەخۆدا نایاسایی و مەحکووم، ناشەرعی و نائیسلامییە. لە ڕاستیدا وەک هەموو بەشەکانی تر، بۆ ڕێژیم هەموو ئەمانە وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییەکانی دیکتاتۆر جێگای قبووڵ‌وگفتوگۆیە. هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ پێدانی شوناسێکی قانوونی و زۆرەملێ. پشتیوانی بێ‌سنوور لە بەکرێگیراوان و یارمەتیدانی کەسانی بێ ناسنامە بۆ پیاهەڵدانی تاج و تەختی وەلایەتی فەقێهـ..

بەرگریی ڕەوا

بەرگریی ڕەوا واتە دۆخێک کە مرۆڤ لە مەترسی‌دایە و ناچارە کاردانەوەی هەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات. دیارە ئەم کاردانەوەیە دەتوانێت لە هەر ئاستێکدا ڕووبدات. بەرگریی ڕەوا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەک دۆخێکی تایبەت ڕێگەپێدراوە. ئەوەی له سەرەوە له بارەی کاردانەوەی خەڵک بەرانبەر بە کردەوەکانی ڕێژیم باس کرا، بهشێکه لەو بەرگرییه ڕەوایە. لە حاڵەتی یەکەمدا کۆمەڵگە بەتەواوی لە بەرەی پێچەوانەدایە. لە بەردەم نۆرمی قانوونیی حکوومەت، فەرمانێک کە ئەمجارە نەک خودی کەسەکە بەڵکوو شوناسەکەی خستۆتە مەترسییەوە، ئەم جار خەڵک ئاگادار لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆی لە بەرامبەر ئەو شوناسە دەستوورییەی کە دیکتاتۆر دەیهەوێ بە سەریدا زاڵ بکات ڕادەوەستێ و بەرەنگاری دەبێتەوە. بێگومان بۆ ئەو کەسانەی کە عاشقی یاریی تۆپی پێن و وڵاتەکەیان خۆش دەوێت، خۆشی و زەردەخەنە لەو ڕۆژەی تیمی وڵاتەکەیان دۆڕاوە، لە ڕاستیدا بەرگرییەکی ڕەوایە لە ناسنامەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، تێکۆشانی خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی شوناسی تیمێکە کە ناوی خەڵکی لە سەرە بەڵام بۆ حکوومەت یاری دەکات. دڵخۆشیی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ شکستی حکومەت لە زەوتکردنی بەرژەوەندی تیپەکەیان. پێچەوانە ئەم جۆرە بەرگرییە ڕەوایە نیشانەی هۆگریی خەڵکە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، مرۆڤ هەرگیز ڕکەبەری هیچ کەسێک ناکات بۆ وەدەستهێنانی شتێک کە لای بایەخی نەبێت. خەڵک چاوەڕوانی دەکرد ئەم یاریزانانەی کە خۆیان پەروەردەی کردوون و هەڵیان‌کێشاون، ئێستا لەم وەرچەرخانە مێژووییە، لایەنی خەڵک بگرن، لایەنی خاوەن ڕاستەقینەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی. خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی شوناسی هەڵبژاردەی نیشتمانی خۆیان هاتنە سەر شەقامەکان.

وەک ئاماژەمان پێدا بەرگریکردن لەخۆ پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە پلەی مەترسییەوە. ئەو کەسەی ژیانی لە مەترسی‌دایە هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشبەرەکە. ناتوانیت کەسێک بانگهێشتی گفتوگۆ بکەیت کە بێ ئامانج تەقەت لێ دەکات. دیارە تەواو ڕێگەپێدراوە لەو ئاستەدا بەرگری لە خۆت بکەیت کە مەترسیت لەسەرە. ئەمە ئەو واقیعەیە کە ئێستا لە مەیدانی کرداردا شۆڕشگێڕان ناچارن ڕووبەڕووی ببنەوە. ئەوان زۆر باش تێگەیشتوون کە کاتێک لایەنی بەرامبەر ئیرادەی گوێگرتنی نییە، قسەکردن لەسەر پێکەوەبوون دروشمێکی پووچ و بێبایەخ زیاتر نییە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر باوەڕیان بە گفتوگۆ هەبوایە، بە تانک و هامەر نەدەهاتن.

لەگەڵ هەموو ئەوانەدا نابێ دوو خاڵی گرنگ لە باسکردنی بەرگری ڕەوادا پشتگوێ بخرێن. یەکەم: ئاشکرایە، وەک گوترا، دەبێت ڕێژەی کاردانەوە بەپێی پلەی مەترسییە ئەگەرییەکان بێت، پێویستە مەتر و پێوەرێکی دیاریکراو هەبێت و لە توندڕەوی خۆ دوور ڕابگرێت. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ هەرگیز نابێت تەنها یەک تێگەیشتنی هەبێت بۆ ڕووداو و کەسانی جۆراوجۆر، بێگومان دەبێت جۆری کاردانەوە لەبەردەم بەکرێگیراوێکی بێدەسەڵات بێ پلە و بایەخ جیاواز بێت لە بکوژێکی ناسراو و دەستڕۆیشتوو. نابێت ڕێگە بدرێت ئاراستەی ڕووداوەکان بەرەو دوو جەمسەری هەنگاو بنێت، هەموو کەس، تەنانەت ئەوانەی کە ڕەنگە کاریگەرییەکی زۆر کەمیان هەبێت، بوونیان بۆ شۆڕش پێویستە. بەدڵنیاییەوە گۆڕینی هێزێکی بێلایەنی ڕێژێم بۆ بەکرێگیراوێک و هاویشتنی بۆ نێو بەرەی ڕێژیم هەڵەیەکی گەورەیە. بۆ لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامی، نابێت ڕێگای سەرەکی بگۆڕدرێت، نابێت مرۆڤ خۆی بخاتە نێو شتی بچووک و بێ‌نرخەوە. با هەستەکان بەرەو ئامانجی سەرەکی ئاراستە بکرێن، بۆ دادگایی کردن و سزادانی تاقمێک نۆکری بێدەسەڵات و سووک هەمیشە کات هەیە. ئامانجی ئەم شۆڕشە لەنێوبردنی بریکار و بڕیاردەر و بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم بارودۆخەیە. بە دڵنیاییەوە ئەمە پەیامی شەهیدان سوورخەڵاتە. بەرگریی ڕەوا مافێکی پارێزراوە و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ گەیشتن بە سەری مار و ڕووخاندنی سیستمی وەلایەتی فەقێهـ..

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.