![](/content/upload/1/news/57320_w920.jpg)
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەسبەسەرکراوەکانی ئەو ڕاپەڕێنە بە پێشێلکردنی هەموو مافەکانی مرۆڤ ناو بردووە و داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکا کاردانەوەیان لەهەمبەر سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران هەبێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە تا ئێستا لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئاخوندیدا ٤٧٠ کەس، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوون، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە هەڵوێستی بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەبێت.
ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە بەپێی ئاماری شەهیدەکانی ڕاپەڕین، تا ئێستا ٦٣ منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ساڵ و ٢٩ ژن بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکان شەهید کراون.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی لانیکەم ١٧ هەزار کەس لە خەڵکی خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران، ڕوو بە کۆمەڵگای جیهانی وتوویەتی، لە ئێستادا لە دادگاکانی ڕێژیمی ئێران خەڵکی دەسبەسەرکراو بە تۆمەتی موحاربە(شەڕ لەگەڵ خودا) دادگایی دەکەن و سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێنن کە ئەو تۆمەتانە و ئەو جۆرە دادگاییانە پێشێلکردنی هەموو ڕێسا و یاساکانی مافی مرۆڤە، بۆیە کۆمەڵگای جیهانی دەبێ ڕێکارێک بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدانی لاوان و گەنجانی گەلانی ئێران بگرێتە بەر.