هوومەن عەبدوڵاهی، خەڵکی شاری سنە، شەوی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕاپەڕین بوو.
شەوی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵاتی ئاخوندی، لە گەڕەکی حەسەناوای سنە، لاوانی شاری سنە ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم دەبنەوە و هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک دەکەن کە لە ئاکامدا گەنجێک بەناوی" هوومەن عەبدوڵاهی" شەهید و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەبێت.
لە درێژەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی، شەوی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، خەڵک ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەتەوە کە بەداخەوە، بەهۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لە خەڵکی ڕاپەڕیوی سنە هوومەن عەبدوڵاهی شەهید دەبێ و چەند کەسێکی دیکەش بریندار دەبن.