کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانی سەرانسەری لە ئێران بەردەوام بەرز دەبێتەوە

12:31 - 10 سەرماوەز 2722

لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ئێران و کوردستان ٤٥٩ کەسیان شەهید کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران، لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ڕاپەرێنی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لانیکەم ٤٥٩ کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژراون کە ٦٤ کەسیان منداڵن.

لەو ماوەیەدا ١٨ هەزار و ١٩٥ کەسیش دەسبەسەر کراون کە تەنیا ناوی ٣ هەزار و ٤٤٦ کەس ئاشکرا کراوە، زۆربەی ئەوانەش وا لە گرتنگەکانی ڕێژیم ماونەتەوە، مەترسیی لە سێدارەدانیان لەسەرە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییەدا هاتووە کە ٥٧٦ خوێندکاری زانکۆ لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون و هەزار و ١٠٥ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە شار و زانکۆکانی ئێران بەدژی ڕێژیمی ئیسلامی بەڕێوە چووە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی ڕاپەڕیو و دەسبەسەریان کردوون و دۆخی دەسبەسەر کراوانیش لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەوپەڕی خراپیدایە و پێویستە کۆمەڵگای جیهانی ئاگاداری جینایەتەکانی ڕێژیم بن و کاردانەوەی خێرا ئەنجام بدەن.