کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران

11:32 - 17 سەرماوەز 2722

لە سێهەمین ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەری لە هەموو شارەکانی ئێران و کوردستان، خەڵکی ڕاپەڕیو، سەرەڕای بوونی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوت و کوشتن، یەکدەنگ ڕژانە سەر شەقامەکان و بەردەوام بوون لە دریژەپێدانی ڕاپەڕینەکەیان.

شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە ١٦ لەسەر ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ڕاپەڕیوی  ئێران سەرەڕای مێلیتاریزەکردنی هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران،  بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و هەروەها برووخێ کۆماری پەت و سێدارە" ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دەستی بەتاڵ ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، پاش ئەوەیکە بە دەم بانگەوازەکەی ناوەندیی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانەوە ڕۆیشتن، شەوی ڕابردووش هاوکات لەگەڵ زۆربەی شارەکانی ئێران سەلماندیان کە گەلانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان چیدیکە ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرەی ناوێ و بە دروشمی کوردستان گۆڕستانی فاشیستان و هەروەها ژن، ژیان، ئازادی، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بوونەوە.