کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەلسەفی یەکێک لە یادگارەکانی کۆماری کوردستان

18:00 - 17 سەرماوەز 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، تێکۆشەری دێرین و خەباتکاری دژ بە هەردووک دەسەڵاتی پاشایەتی و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، مامۆستا مەلا ئەبووبەکری فەلسەفیی گەرماوی لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا و لە وڵاتی فینلاند ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا مەلا ئەبووبەکری فەلسەفیی گەرماوی ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی، لە گوندی سوورەبانی ناوچەی بناری سوورکێوی بانە لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ و دەستڕۆشتوو چاوی بە دنیا هەڵێنا.

هەر لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە خرایە بەر خوێندنی ئایینی و تا کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە خوێندن بەردەوام بوو. 

هەر لە یەکەم مانگەکانی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافەوە و لە ڕێگای چەندین کەسایەتیی شۆڕشگێڕی ئەو سەردەمە وەک "مامۆستا مەلا ئیبرایمی حیکمەت، میرزا محەممەدی کەریمی (قاقە) و مامە قالە دەباغیـ"یەوە پێوەندی بە ڕیزەکانی ژێکافەوە دەکات. پاشان دەچێتە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە.

سەرەتا لە ناوچەی بناری سوورکێوی بانە دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکات و دواتر بە کردەوە ئەچێتە ڕیزی سپای کۆماری کوردستانەوە.

بەهۆی شارەزایی و زاناییەوە هەر زوو لە ناو ڕیزەکانی حیزبدا جێی خۆی دەکاتەوە. دوای ڕووخانی کۆمار و پەرتەوازەبوونی تێکۆشەرانی حیزب، ئەویش ڕوو لە ناوچەی بانە دەکاتەوە و لە دامەزراندنەوەی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی بانە بەتایبەت لە بناری سوورکێو دەوری سەرەکی دەبینێ.

ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی، لە پەلاماری دامودەزگای ساواکی ڕێژیمی پاشایەتی بۆ سەر تەشکیلاتی نهێنیی حیزب، مامۆستا فەلسەفی هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە تێکۆشەرانی حیزب لە ناوچەی بانە دەگیرێت و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێ و ماوەی چەندین ساڵ لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا ئەشکەنجە و ئازار دەدرێت. 


مامۆستا یەکێک لەو تێکۆشەرە خۆڕاگرانە دەبێ کە سەرەڕای ئەشکەنجە و ئازاری زۆر، سەرسەختانە لە سەر داوای ڕەوای ئازادی و ماف بۆ گەلەکەی سوور دەبێت. 

پاش لێبووردنێکی سەرانسەری مامۆستا فەلسەفیش لە زیندان ئازاد دەکرێ، بەڵام دوای ئازادکرانی یەکسەر ڕوو لە باشووری کوردستان و ڕیزەکانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات دەکات و لەوێش وەک یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین کادرەکانی حیزب درێژە بە خەبات دەدات.

لە بزووتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویدا،  یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەو بزووتنەوەیە بوو و هاوکات کادرێکی دیاری کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزب دێموکرات بووە.

 هەر لەو ساڵانەدا بوو کە ڕێبەریی بزووتنەوەیەکی جووتیاری دژ بە ئاغا و دەرەبەگەکانی ناوچەی سوورکێو دەگرێتە ئەستۆ.

بە درێژایی تەمەنی حیزبایەتی و شۆڕشگێریی دەیان بەرپرسایەتی گرینگی پێ دراوە، هەر لە بەرپرسایەتی مەڵبەندەوە بگرە تا بەرپرسایەتیی کۆمیتە شارستانی بانە لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا، ئەندامەتی کۆمیتەی شارستان، بەرپرسایەتیی بەشی دادەوەریی حیزب و بەرپرسایەتی کۆمیتەی ناوچە.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر  یەکێک لە دیارترین کادرەکانی حیزبی دێموکرات بوو لە ناوچەی بانە. ئەو جگە لە خۆی و بنەماڵەکەی دەیان کوڕ و کچی لاوی دڵگەرم و دەیان مێرخاس و خاتوونی خاوەن ئەزموونی تایەفەکەی و گوند و ئاواییەکانی بناری سوورکێوی بانەی هێنایە ڕیزی شۆڕش و حیزبی دێموکراتەوە.

مامۆستا خوێندەوارێکی زانای فێقهـ و فەلسەفە، سیاسییەکی خاوەن ئەزموون و زمانزان و خۆشنووسێکی شارەزا بوو. بە باشی بە سەر زمانەکانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزیدا زاڵ بوو.

 لە زانستی پزیشکیدا شارەزاییەکی باشی هەبوو و یارمەتیدەرێکی باشی هەژار و نەخۆش و خەڵکی بێ دەرەتان بوو.

مامۆستا مەلا ئەبووبەکر هەر چەندە بەهۆی ئەشکەنجە و مانەوەی لەڕادەبەدەری لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا ئەژنۆی تووشی گرفت ببوو، بەڵام بەو حاڵەش قەت لە کۆڕی هاوڕێ پێشمەرگەکانی دانەبڕا و لە سەخترین و دژوارترین ساتەکاندا لەگەڵ هاوڕێکانیدا مایەوە.

ساڵی ١٩٩٧ی زایینی بۆ خۆپاراستن لە تێرۆرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە باشووری کوردستان، بە بنەماڵەوە ڕووی لە وڵاتی فینلاند کرد، بەڵام سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە زێد و نیشتمانی، بۆ تاکە ساتێکیش لە حیزب و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کورد دانەبڕاو و تا دواساتەکانی ژیان بە ڕێگە و ڕێبازی خەباتی وەفادار مایەوە.

ناوبراو هاوڕێی نزیکی دوکتور قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق بووە. هەروەها لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و مام جەلال تاڵبانی لە ڕێبەرانی شۆڕش لە کوردستانی باشوور دۆستایەتیی نزیکی هەبووە.

هەرچەندە مەرگی خاتوو نوسرەتی هاوسەری و یەکێک لە کچە جگەرگۆشەکانی بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا کارتێکەریی قورسی لە سەر مامۆستا هەبوو، بەڵام بەو حاڵەش هیوای بە ڕزگاریی گەل و نیشتمان، تا دوایین هەناسەکانی بە بەرزی مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەلسەفی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و خەڵکی ناوچەی بانە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.