کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای کاردانەوەی خێرای کۆمەڵگای جیهانیی سەبارەت بە جینایەتەکانی ڕێژیم کردووە

18:03 - 17 سەرماوەز 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەرەڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی موحسێن شکاری یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، داوای کاردانەوەی خێرا لە کۆمەڵگای جیهانی بۆ ڕاوەستانی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەکات.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی موحسێن شکاری، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران وتی: "ناوبراو لە دادگایەکی نادادپەروەردا دادگایی کراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و دەبێ کۆمەڵگای جیهانی یەکدەنگ بێنەسەر خەت و پێش بەو هەموو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی بگرن.

ناوبراو هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر لەسێدارەدانی موحسێن شکاری لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی نێونەتەوەیی نەبێتەوە، ڕێگا بۆ لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی دیکەی خۆپیشاندانەکان خۆشتر دەکا و ڕێژیمی ئاخوندی پەرە بە پێشێلکردنی زیاتری مافی مرۆڤ لە ئێران دەدا و هەموو ڕۆژێک دەبێ بێنەر و بیسەری لەسێدارەدانی لاوانی وڵاتەکەمان بین.