کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆرانیبێژێکی کورد حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا

18:11 - 17 سەرماوەز 2722

سامان یاسین گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی موحاربە، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا.

سامان یاسین، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی موحاربە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا.

ئەو گۆرانیبێژە بەهۆی وتنی گۆرانی لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و ڕەخنەگرتن لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران دەسبەسەر کرابوو، دواتر حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو کە پەیڕەوی ئایینی یارسانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە بوونی پارێزەر بێبەری کراوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای سەرکوت و زیندانی و ئێعدامەوە هەوڵ دەدات خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان چاوترسێن بکات هەتا بەم شێوەیە تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە. 

هەر لەو پێوەندییەدا ئەمڕۆ هەواڵی لەسێدارەدرانی مۆحسێن شکاری یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی دژی ڕێژیمی  بڵاو بووەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەرەڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی موحسێن شکاری، داوای کاردانەوەی خێرای لە کۆمەڵگای جیهانی بۆ ڕاوەستانی لەسێدارەدانەکان لە ئێران کردووە.