ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک عوسمان ئەحمەدی کەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەلکی مەهاباد و لەدایکبووی ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی، لە ئاوایی یاڵاوای خوارێی سەر بە ناوچەی مەحاڵی مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو مامی شەهیدان حەسەن سۆهرابی، برایم ئەحمەدی، ئەنوەر ئەحمەدی و ژن برای شەهید محەممەدڕەسووڵ میرانی و برای باباغای سۆهرابی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بوو.
کاک عوسمان کەسایەتییەکی بەرزی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە بوو و ماڵەکەی هەموو کات شوێنی حەسانەوی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا و بەیان بووە.
ناوبراو لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوییەوە زیندان و ئەشکەنجە کرابوو و هەروەها لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە ماوەیەک دەسبەسەر کرابوو.
تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی خانەقای شەمزینان لە ناوچەی مەحاڵ لەنێو ئاپۆڕای جەماوەری ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک عوسمان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.