لە کاتێکدا زیاتر لە ٨٠ رۆژ بەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی خەڵکی ئێراندا تێپەڕ دەبێت. سەرلەبەیانی ١٧ی سەرماوەز موحسین شکاری یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییە لە لایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا.
ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکومکردنی ئەم تاوانە نوێیەی کۆماری ئیسلامی داوا لە جەماوەری خەڵکی ئێران و کوردستان دەکات بەرامبەر بە مەترسیی لەسێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی و گیراوانی ئەم دواییە بێدەنگ نەبن. داوا لەسەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستانیش دەکەین بۆ لەقاودان و مەحکومکردنی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی بەندکراو ھاوکارو ھاوئاھەنگ بن.
کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدان بە سیاسەتی سەرکوت و ئێعدامی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی ناتوانێ پاشەکشە بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بکات کە خوازیاری روخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین.
داوا لە سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین بە ھەموو شێوازێک ڕێگری لە کوشتاری بەکۆمەڵی بەندکراوانی سیاسی و خەڵکی راپەڕیوی ئێران بکەن.
ژن، ژیان، ئازادی،
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی ئێران.
ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١