کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ھاوکاری: تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی جوانڕۆ مەحکووم دەکەین

11:45 - 11 بەفرانبار 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەهەمبەر تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە خەڵكی جوانڕۆ، پەیامێکی بڵاو کردەوە  و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد.

ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، تەقەکردنی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە خەڵکی جوانڕۆی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند؛ لە خۆپیشاندانی شاری جوانڕۆ لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی بورھان ئەلیاسی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی ڕێژیم شەھید کرا و زیاتر لە ١٠ خۆپیشاندەری دیکە بریندار و ژمارەیەکی زۆریش دەسبەسەر کران، بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید بورهان دەکا و تەقەکردن لە هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە مەحکووم و شەرمەزار دەکا.

لەو پەیامەی ناوەندی هاوکاریدا هاتووە: لە کاتێکدا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر لە سێ مانگە لە کوردستان و ئێران بەردەوامە، ھێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە کوردستان دڕندانە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و خەڵتانی خوێنیان دەکەن، ئێمە وەک ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەرانی جوانڕۆ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەھید بورھان ئەلیاسی و خەڵکی خۆڕاگری شاری جوانڕۆ دەکەین و ھیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین".