کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان بەزێنەکانی ئێمە (سۆعدا خەدیرزادە)

18:58 - 16 بەفرانبار 2722

ئا: دیاکۆ دانا

کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو حکوومەتە سەرەڕۆیانەیە کە لە ماوەی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی خۆیدا بە هەموو توانای سەرکوتگەرانەی خۆیەوە لەدژی جیابیرانی جوڵاوەتەوە. گرتن، ئەشکەنجە، سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای ئێعدام بە تۆمەتەکانی دژایەتی لەگەڵ خودا و فەساد لەسەر عەرز بەسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەدرێژایی تەمەنی ڕێژیم درێژەی بووە. ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی کە لە کوردستان بە ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی دەستی پێ کرد و بە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٣٦٧ – کەبەپێی ئامارەکان زیاتر لە چوار هەزار بەندکراوی سیاسی لەو ساڵەدا ئێعدام کران- گەیشتە لوتکەی خۆی، سیاسەتی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی بووە.

کە باس لە زیندان و زیندانی دەکرێ، وا دێتە بەرچاو کە کەسی گیراو حەتمەن دەبێ کەتنێکی کردبێ و زیانی بە کەس یان کەسان و لە نیهایەتدا بە کۆمەڵگە و بەرژەوەندییەکانی گەیاندبێ؛ هەربۆیەشە سزاکەی بەندکرانە و بەندیخانەش شوێنی ڕاگرتنی کەسانی تاوانبارە. بەڵام کە لە بابەتی زیندانیی سیاسی ورد دەبینەوە، دەبینین ئەو کەسانە نەک هەر لە ڕوانگە خۆیانەوە، بەڵکوو لە ڕوانگەی کۆمەڵگە و پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکانیشەوە هیچ تاوانێکیان نەکردوە کە لەو سۆنگەیەوە بەند بکرێن. هەربۆیەشە ئەو کەسانە کۆمەڵگە بە زیندانیی سیاسیی دەیانناسێ و زیندانیی سیاسیی بریتییە لەو کەسەی لەسۆنگەی ڕۆشنگەری و ئاشناکردنی کۆمەڵگە بە مافەکانیان و تێکۆشانی بەکردەوە بۆ ئەو ئامانجانە لەلایەن دەسەڵاتەوە گیراوە، دەسەڵاتێک کە بیر و هزر و جمۆجۆڵ و چالاکیی ئەو کەسە لەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێ. تاوانی! نەکردووی ئەو کەسانە لە هەندێک سیستمی سیاسیی وەک کۆماری ئیسلامیدا بە بەندکردن نابڕێتەوە، بەڵکوو وەک دەزانین هەزاران کوردی ئازادبیر و ئازادیخوازی لەو چەشنە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و گیانیان لێ ئەستێندراوە. ڕێژیم ئەو کەسانە بە تاوانبار دەناسێ، بەڵام کۆمەڵگە بە قارەمان، ڕێبەر و سەرچەشنی خەباتیان دەزانێ.

لە بەردەوامیی گۆشەی "زیندان‌بەزێنەکانی ئێمەدا" و هاوکات لەگەڵ درێژەی شۆڕشی ژینادا کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەروا بەگوڕ دەچێتە پێشێ ئەمجارەیان باس لە زیندانییەکی سیاسیی ژن، خاتوو سوعدا خەدیرزادە دەکەین.

سۆعدا خەدیرزادە تمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی پیرانشار ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە کاتێکدا کە دووگیان بوو دەستبەسەر کرا. سۆعدا دواتر بۆ یەکێک لە گرتنەگەکانی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ ڕاگوێزرا و پاش ٢٥ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بەڕێ کرا.

سۆعدا دواتر لەلایەن لقی سێی دادگای کەیفەریی شاری مەهاباد بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران، تۆمەتێکی وەپاڵدراو کە بەخۆی لە هەموو قۆناغەکانی بازجوویی و دادگادا حاشای لێ کردووە، هەروەها بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، سزای ١٢ سال و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپا.

سۆعدا لە ماوەیەی ئەو یەک ساڵ ونیوەدا کە لە زیندان‌دایە، سەرەڕای ئەوەی دووگیان بووە، ئازار، مەینەت و گۆشاری ڕوحی و ڕەوانیی زۆری لەسەر بووە.

سۆعدا لە ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ئەو ساڵ بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە دۆخی پەروەندەکەی و دۆخی نالەباری خۆی لە زینداندا مانی لە خواردن گرت. یەکێک لە داواکانی دیکەی ئەو ئازادبوونی بە دانانی بارمتە بوو. لە دواییدا لە ڕۆژی ١٠ ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ بەرپرسانی زیندان پێیان ڕاگەیاند کە ئەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارە ڕێگری لە ئازادبوونی ئەو بە دانانی بارمتە دەکات.

سوعدا خەدیرزادە لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێی نەخۆشخانەیەکی ورمێ کرا و لەوێ منداڵەکەی لەدایک بوو. گوشاری ڕوحی و ڕەوانی بەرپرسانی زیندان بۆ سەر سۆعدا هەروەها دواتر دانپێدانانی زۆرەملی لەبەر دوربین و بڵاوکردنەوەی، وای کرد کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ بە هەڵواسینی خۆی و دانی حەب بە منداڵەکەی هەوڵی خۆکوشتنی بدا، کە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبوو. ئەو پێشتریش چەند جار لە زیندان بە هۆی گوشاری ڕوحی و ڕەوانی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەببوو. هەر لە سۆنگەی گوشاری ڕوحیی بەرپرسانی زنیدان بۆ سەر سۆعدا بە فایلێکی دەنگی ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی پێشنیاری دوور لە ڕەوشتیان پێداوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زانیویانە کە ناسر عەتباتی، سەرۆکی گشتی دەزگای دادی ورمێ، داریوش بەخشی، بەرپرسی بەندیخانەی و کەسێک بە ناسناوی «بابەکی» کادیری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەنێو ئەو گرووپەدا بوون کە سەعدا خەدیرزادەیان ناچار بە دانپێدانان لەپێش کامێرا کردووە. هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان سوعدایان لە ژێر گوشار داناوە کە ئەگەر لە پێش کامێرا ئەم قسانە نەکات ئەوە پەروەندەی نەخۆشیی دەروونی بۆ دروست دەکەن و منداڵەکەی لێ وەردەگرنەوە و ڕادەستی بێهزیستیی دەکەن.

سوعدا لە ڕۆژی ٣ی خەرمانانەوە لە بەندی ژنانی زندانی ناوەندیی ورمێ‌وە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواسترا. ئەو لە ماوەی ئەو یەک ساڵ و نیوەدا کە لە زیندان‌دایە، لە چوون بۆ مەرەخسی و تەنانەت مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەش بووە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.