کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی لە مێژینەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی پیرانشار کۆچی دوایی کرد

10:52 - 17 بەفرانبار 2722

کاک عەبدوڵڵا لاجانی، کەسایەتیی دیاری ناوچەی پیرانشار و ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و برای شەهیدان کاک ساڵح و کاک قادر لاجانی، لە ناوچەی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاک عەبدوڵڵا لاجانی، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و برای شەهیدان کاک ساڵح و قادرلاجانی، لە گوندی "گەسگەسک"ی ناوچەی پیرانی شاری پیرانشار، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک عەبدوڵڵا لاجانی، لەسەرەتای لاوەتییەوە لەگەڵ تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ئاشنایەتی پەیدا دەکات و پاشان بەهۆی کار و تێکۆشانی حیزبی، وەک سەدان ئەندامی دیکەی حیزب، لەگەڵ براکانی ناچار دەبێت ڕوو بکاتە باشووری کوردستان و لە هەموو قۆناغەکانی ژیان و خەباتی حیزب لەو دەورەیەدا بەشداریی چالاکانە دەکا.

بە دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پەهلەوی و گەڕانەوەی ڕێبەریی حیزب بۆ نێوخۆی وڵات، ئەویش وەک باقی ئەندامانی  حیزب گەڕایەوە نێوخۆی کوردستان و لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا لە ناوچەی پیرانشار دەستی بە کار و خەبات کرد. 

لەو قۆناخەی ژیان و خەباتیشیدا، دەیان مەئموریەتی حیزبی و پێشمەرگانەی بەڕێوە بردن؛ 

پاش گیرانەوەی ناوچە ئازاد کراوەکان و دەستپێکردنی خەباتی پارتیزانی لەسەر ڕەزامەندیی کۆمیتەی حیزب لە پیرانشار، لە گوندی گەسگەسکی ناوچەی پیرانی پیرانشار، بە مەبەستی سەرپەرەستیکردنی خاوخێزانی خۆی و برا شەهیدەکانی، نیشتەجێ بوو.

کاک عەبدوڵڵا، تا دوایین هەناسەکانی، وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و  کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی ناوچەی پیرانشار دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.