کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی سێ هاوپەیمانیی سیاسی بۆ مانگرتنی سەرانسەریی لە ئێران

11:07 - 17 بەفرانبار 2722

سێ ڕێکخراوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شۆرای دێموکراسیخوازان و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، لە بەیاننامەیەکدا، لە سێهەمین ساڵڕۆژی کارەساتی فڕۆکەی ئۆکراینی کە بەدەستی سپای پاسداران کرایە ئامانج بانگەوازێکی گشتییان ڕاگەیاند.

ڕۆژی هەینی، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوەکانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شۆرای دێموکراسیخوازان و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، لە بانگەوازێکی گشتییدا داوایان لە سەرجەم گەلانی ئێران کرد کە بۆ ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە سێهەمین ساڵڕۆژی کارەساتی فڕۆکەی ئۆکراینی کە لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدرانەوە کرایە ئامانج، مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان بەڕێوە ببەن.

ئەو سێ هاوپەیمانییە سیاسییە داوایان لە دامەزراوە مەدەنی، خوێندکاری، ئۆپۆزیسیۆن و ڕێکخراوە سیاسییەکان کرد کە بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی ئۆکراینی، مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و ڕۆژی یەکشەممە برژێنە سەر شەقامەکان.

لە بانگەوازەکەدا هاتووە کە لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ی هەتاویدا، سپای تێرۆریستیی پاسداران بە دوو مووشەک ئەو فڕۆکەیەی کردە ئامانج و لە ئاکامدا ١٧٦کەس گیانیان لەدەست دا و ئەمساڵ بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو کارەساتە و بەردەوامبوونی شۆڕشی سەرانسەری دژی کۆماری ئیسلامی، لە سەرانسەری ئێران مانگرتنی گشتی بەڕێوە بچێ و دواتر بە یەکگرتوویی و بە یەک ئامانج کە ڕووخانی ڕێژیمە، لە هەموو شارەکان ڕاپەڕینی ڕووخان دەست پێ بکا و کۆتایی بە دەسەڵاتی خامنەیی بهێنرێت.