کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە سێدارە دران

12:07 - 17 بەفرانبار 2722

دوو دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکان بە ناوەکانی محەممەد‌مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی، لەلایەن ڕێژیمی ئیرانەوە لە بەندیخانەی شاری کەرەج لە سێدارە دران.

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەسەر خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراودا، محەممەد‌مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی، لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران، لەلایەن دەزگای بەناق دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی شاری کەرەج لە سێدارە دران.

محەممەدمەهدی کەرمی خەڵکی شاری بیجاڕ و سەید محەممەد حوسێنی، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج بە ناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چلەی حەدیس نەجەفی، سزای ''افساد فی الارض''یان بەسەردا سەپێندرا و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەندیخانەی کەرەج لە سێدارە دران.

ئەم دوو کەسە پێشتر ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردبووەوە و لە کاتی دەسبەسەرکرانیاندا باسیان کردبوو کە لەلایەن جەلادەکانی ڕێژیمەوە ئەشکەنجەیەکی زۆر کراون.

ڕێژیمی ئێران کە ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی گەلانی ئێران بووەتەوە، دەیهەوێت وەکوو هەمیشە بە سەرکوت و ئێعدام خەڵک بترسێنێت و تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە.