هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی جینایەتەکانیان بۆ سەر خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕژاونەتە ماڵی خەڵکی جوانڕۆ و ماڵەکانیان دەپشکنن و لاوەکان دەسبەسەر دەکەن.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ماڵپەری کوردستان میدیا گەیشتووە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، شاری جوانڕۆیان مێلیتاریزە کردووە و دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵەکان و دەسبەسەرکردنی لاوان و گەنجانی ئەو شارە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم، چەندین جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شەهید بورهان ئەلیاسی و ویستوویانە برا چووکەکەی دەسبەسەر بکەن.
هێزەکانی ڕێژیم گوشارێکی زۆریان خستووتە سەر بنەماڵەی شەهید بورهان و پێیان ڕاگەیاندوون کە نابێ بڵێن کوڕەکەمان لەلایەن حکوومەتەوە گیانی لە دەست داوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی شەممە ١٠ی بەفرانبار دوای خرۆشانی خەڵکی جوانڕۆ، ١٨ کەس لە خەڵکی ئەو شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون، کە باری تەندروستیی دوو کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە.