کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە بناژۆخوازەکانی ڕێژیم: دەبێ کەسانێکی زۆرتر لە سێدارە بدرێن

18:23 - 17 بەفرانبار 2722

یەکێک لە بناژۆخوازەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ڕێژەی لە سێدارەدراوانی خۆپیشاندەر لە ئێراندا وتی، دەبێ کەسانێکی زۆرتر لە سێدارە بدرێن هەتا ترس و دڵەڕاوکێ بخرێتە نێو خەڵک و نەوێرین بێنە شەقامەکان.

محەممەدسادق کۆشکی، بناژۆخواز و مامۆستای زانکۆ ڕەخنەی لە دەزگای دادی ڕێژیم گرتووە و وتوویەتی، لە ماوەی ئەو چوار مانگە لە خۆپیشاندانی خەڵک لە شەقامەکاندا تەنیا کەسێک بە تاوانی موحاربە لە سێدارە دراوە و ئەوانی دیکە بە تاوانی قەتڵ لەسێدارە دراون ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو ڕێژیمە لەهەمبەر ئەو ڕووداوانەی کە لە ئێراندا ڕوویان داوە زۆر کەمە و دەبێ کەسانێکی زۆرتر لە سێدارە بدرێن.

هەروەها وتوویەتی  ئەگەر لە ماوەیەدا کەسانێکی زۆرتر لە سێدارە درابان، لە ئێستادا خەڵکی ناڕازی، فوتباڵست و هونەرمەندان بوێریی ئەوەیان نەدەبوو بێڕێزی بە خاک، مێژوو و هێماکانی ئەو دەسەڵاتە بکەن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر یەکگرتوویی و یەکدەنگیی توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە ترسیان لێ نیشتووە و بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتەکەیان پەنا بۆ لەسێدارەدانی لاوان دەبەن.