کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەدڕەزا ڕادان وەک فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران دیاری کرا

18:26 - 17 بەفرانبار 2722

ئەحمەدڕەزا ڕادان، لە تاوانبارانی دۆسییەی کەهریزەک و لە سەرکوتکەرانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بوو بە فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر بڕیاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ئەحمەدڕەزا ڕادان، کە تاوانباری دۆسییەی کەهریزەکە و دەستی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨دا هەیە، بە جێگەی حوسێن ئەشتری وەک فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامی دیاری کرا.

حوسێن ئەشتەری، فەرماندەی پێشووی گشتیی هێزی ئینتزامی لە سەرکوتی شۆڕشی ژینا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بەڵام لەلایەن عەلی خامنەییەوە بەهۆی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان لەسەر کارەکەی لابراوە.

ڕادان، ساڵی ١٣٨٠ گەڵاڵەی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی هێنایە گۆڕێ و هەروەها گەڵاڵەیەکی دیکەی بە ناوی کۆنتڕۆڵی کەسانی "لات و لووت" هێنایە گۆڕێ بۆ ئەوەیکە لە سەرکوتەکاندا کەڵکیان لێ وەربگرێت.

لە زیندانی کەهریزەکدا چەندین کەس لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨دا دەسبەسەر کران و لەو زیندانەدا کوژران.

جێگەی ئاماژەیە کە ئامریکا لە مانگی خەزڵوەری ساڵی ١٣٨٩دا ئەحمەدڕەزا ڕادانی بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨ خستە نێو لێستی گەمارۆکانەوە.