کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەقز کۆچی دوایی کرد

10:48 - 18 بەفرانبار 2722

شێخ نەجمەدین عەبدوڵڵاهی باوکی شەهید ئەسعەد عەبدوڵڵاهی، لە گوندی "حاجی مەمەدان"ی سەر بە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا "شێخ نەجمەدین عەبدوڵڵاهی" کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و باوکی ئەسعەد عەبدوڵڵاهی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی "حاجی مەمەدان"ی شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.

شێخ نەجمەدین لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا بۆ ماوەی ٣ مانگ بەهۆی نیشتمانپەروەری و کوردایەتییەوە دەسبەسەر کرابوو.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، شەهید ئەسعەد عەبدوڵڵاهی، دێتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکا و چەکی شەرەف بۆ بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکاتە شانی.

شێخ نەجمەدین لەلایەن بەکرێگیراوان و دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەخرێتە ژێر گوشار کە دەبێ شەهید ئەسعەد بێنێتەوە و واز لە پێشمەرگایەتی بێنێت، بەڵام شێخ نەجمەدین بە ورەیەکی پۆڵاینەوە هەموو کات دژ بە ڕێژیم وەستاوەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی شێخ" نەجمەدین عەبدوڵڵاهی" سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.