کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی حیزب لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد

11:29 - 18 بەفرانبار 2722

فاتمە مورتەزا، دایکی شەهیدان "ڕەحیم و کەماڵ ڕەسووڵی" لەتەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە ناوچەی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دایە "فاتمە مورتەزا" دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی" ڕەحیم و کەماڵ ڕەسووڵی" لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە گوندی "شاوانێ"ی شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

دایە فاتمە، ژنێکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتخۆشەویست بوو و بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ گەل و نیشتمان دوو جگەرگۆشەی خۆی بە ناوەکانی" ڕەحیم و کەماڵ" ڕەسووڵی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.

شەهید ڕەحیم ڕەسووڵی یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و چاونەترسەکانی حیزبی دێموکرات بووە کە بەداخەوە لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە گوندی کانی سپی شەهید دەبێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێت.

شەهید کەماڵ ڕەسووڵی، یەکێک لە ئەندامانی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات بووە کە بەداخەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێ و لە بەندیخانەی ورمێ لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی، لە سێدارە دەدرێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی گەل و نیشتمان دەبێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە "فاتمە مورتەزا" سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریان و هەروەها خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.