![](/content/upload/1/news/58045_w920.jpg)
لە درێژەی کاردانەوە جیهانییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی محەممەدمەهدی کەرەمی و سەیدمحەممەد حوسێنی، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، سەرۆکی پارلمانی ئورووپا داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە پێش بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە بگیردرێت.
ڕۆبرێتا میتسۆلا، سەرۆکی پارلمانی ئورووپا، ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی دوو لاوی خۆپیشاندەر بەناوەکانی" محەممەدمەهدی کەرەمی و سەیدمحەممەد حوسێنی" کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کرابوون و هەروەها هەناردنی دڕۆن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ڕووسیە داوای لە یەکیەتیی ئورووپا و هەموو کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە کاردانەوەی توند و خێرایان بەنیسبەت سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران هەبێت.
ناوبراو هەروەها وتیشی دەبێ ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە کوشتن، دەسبەسەر کردن و لەسێدارەدانی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران ناچار بە وڵامدانەوە بکەین.