![](/content/upload/1/news/58043_w920.jpg)
دوای لەسێدارەدانی دوو لاوی خۆپیشاندەر لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، وڵاتانی کۆمەڵگەی جیهانی، ئەو کردەوەیەی ڕێژیمیان مەحکووم کرد و داوایان کرد کە گوشارەکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زیاتر بکرێت.
ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دوابەدوای لەسێدارەدانی محەممەدمەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی، دوو لاوی خۆپیشاندەری ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، شەپۆلێکی بەربڵاوی مەحکوومکردنی ئەو کردەوەیەی ڕێژیم لە ئاستی جیهانیدا دەنگی دایەوە و وڵاتە جیاوازەکانی جیهان داوایان کردووە کە دەبێ گوشتاری زۆرتر بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران و بەنیسبەت کردەوەکانی لەهەمبەر
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ وڵامدەری بکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لەسێدارەدانی لاوانی خۆپیشاندەری ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندترین شێوە مەحکووم کرد و وتی: ''ئەو هەنگاوەی ڕێژیم سەرەکیترین هەوڵە بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ناڕازی، ئێمە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆمان ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ کە دەبێ کۆماری ئیسلامی وڵامدەری ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی بێت و کۆتایی بە سەرکوتی دڕندانەی بێنێت''.
زۆربەی بەرپرسانی پلەبەرزی وڵاتانی جیهان ئەو جینایەتەی ڕێژیمی ئێرانیان بە کردەوەیەکی تێرۆریستی وەسف کردووە.