قوتابییانی قوتابخانەکانی شاری جوانڕۆ، بۆ یادکردنەوەی شەهید بورهان ئەلیاسی لە بەردەم دووکانی ئەو شەهیدەدا دروشمی "کاک بورهان قارەمانە، شەهیدی کوردستانە"ـیان وتەوە.
ڕوژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، منداڵانی قوتابیی شاری جوانڕۆ پاش گەڕانەوەیان لە قوتابخانە، لە بەردەم دووکانی شەهید بورهان ئەلیاسی، شەهیدی ڕاپەڕینی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران، بە دروشمی ''کاک بورهان قارەمانە، شەهیدی کوردستانە''، شەقامەکەیان داخست و دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا و پەیامێکیان بە داگیرکەرانی نیشتمان دا کە کوردستان دەبێتە گۆڕستانی داگیرکەران.
قوتابییانی جوانڕۆ، سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتیی توند کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارە دروستیان کردووە، بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ یادی ئەو شەهیدەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و بە ڕێژیمی ئێرانیان وتەوە: "بە هەر دڵۆپە خوێنێکی شەهید هەزاران گوڵ چرۆ دەکا و هیچکات ڕێگە نادەن خوێنی شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینە بە فیڕۆ بچێت''.