بێهزاد قادری
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱۷ی بەفرانبار، ڕێکخراوی "کوردشۆپ" لە هەولێر لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتی ساڵانەی "زارا"ی پێشکەش کرد بە ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی "ڤەژین" کە لە شاری مەریوان خزمەت بە زمان، ئەدەب، فەرهەنگ و هونەری کوردی دەکات. لەم ڕێوڕەسمەدا دوکتۆر "حامید کۆنەپۆشی" وەک نوێنەری ناوەندی ڤەژین، خەڵاتەکەی وەرگرت. هەر لەو ڕێوڕەسمەدا کوردشۆپ ڕێزلێنانێکیشی پێشکەش بە بنەماڵەی "زارا محەممەدی" کرد کە بەڕێز "هەیبەت محەممەدی" برای خاتوو "زارا" ڕێزلێنانەکەی وەرگرت. لێرەدا باسی "زارا" ناکەم، چونکە چیدی زارا بۆ هەر تاکێکی کورد ناوێکی ئاشنایە.
لەم یادداشتەدا دەمەوێت ئاماژە بە چەند خاڵی زۆر گرینگی ئەم ڕێوڕەسمە و خەڵاتی "زارا" بکەم:
لە ڕاستیدا بەڕێوەبردنی وەها ڕێوڕەسمێک و دانانی خەڵاتێک بە ناوی "زارا" و پێشکەشکردنی بە کەس یان لایەنگەلێک کە خزمەتی زمانی کوردی دەکەن، زۆر گرینگ و پێویستە. ئێمە وەک کورد لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، شەڕی "شوناس" دەکەین. ئەمەش نموونەیەکی ئەو شەڕەیە بۆ شوناسمان، بۆ زمانمان، بۆ نیشتمانمان و بۆ کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکانمان. چیدی "زارا" تەنیا کچی بنەماڵەیەک نییە، کچی نیشتمانێکە و بووە بە هێمایەک بۆ کوردستان. چیدی "زارا" تەنیا مامۆستایەکی زمانی کوردی نییە، بەڵکوو مامۆستایەکە کە وانەی ئازادی، ئازایەتی، نیشتمانپەروەری و کوردایەتی دەڵێتەوە. کەوایە دانانی خەڵاتێک بە ناوی "زارا" خاوەنداریەتییە لە خودی "زارا" و خاوەنداریەتیکردنە لە شوناسمان، زمانمان و نیشتمانمان.
لەلایەکی ترەوە زۆرتر باوە کە کاتێک خەڵاتێک بە ناوی کەسایەتییەکی گرینەوە دادەنرێت کە ئەو کەسە لە ژیاندا نەمابێت، بەڵام لێرەدا و لە کوردستان، "کوردشۆپ" ئەو ڕچەشکێنییەی کردووە و خەڵاتێکی بە ناوی کەسێک داناوە کە زیندووە و لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وانەی ژیان و بەرخۆدان دەڵێتەوە. ئەمە فێرمان دەکات تاکوو ڕێز لە هەموو ئەو کەسایەتییانەمان بگرین کە لە ژیاندا ماون کە هەر یەکە و بۆ خۆی فەرهەنگێکن بۆ لێفێربوون، با چیدی پێمان نەڵێن نەتەوەی زیندووکوژی مردووپەرست!
شتێکی تری ئەم ڕێوڕەسمە کە زۆر گرینگ بوو، بەشداریکردنی نووسەران، ڕووناکبیران، سیاسەتوانان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی هەر چوار بەشی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا بوو. بە واتایەکی تر ئەم ڕێوڕەسمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە ڕێوڕەسمگەلێکی هاوشێوە دەتوانن بەشەکانی تری کوردستان زیاتر لە پێش لەیەک نزیک بکەنەوە، هەروەها کەشێک دروست بکەن کە سنوورە دەستکردەکان کەمڕەنگ بکاتەوە و پەرە بە گفتوگۆکان بدات. بۆ نموونە چۆن دەبێت نووسەرێکی باشووری، نووسەرێکی ڕۆژهەڵاتی نەناسێت و بەپێچەوانەشەوە؟! "زارا" ڕەنگە بە جەستە لە بەندیخانەدا بێت، بەڵام ناوەکەی خەریکە وەها کەشێک لە کوردستانی گەورەدا دروست دەکات.
یەکێکی تر لە گرینگترین کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە ڕێوڕەسمگەلە، پەرەدان بە هزری کوردستانییە، پەرەدان بە هۆشیاریی نیشتمانی و پەرەدان بە هزری شوناسخوازییە. دەنگدانەوەی ئەم بابەتە لە میدیاکان و سۆشیالمیدیادا بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هزر و سەرنجی خەڵک بەگشتی و لاوان بەتایبەتی بۆ لای پرسی "زمانی کوردی" و بۆ لای پرسی کوردستان. ئەمە بۆ خۆی زیاتر هێڵی نێوان ئێمە و ئەوی دیمان پڕڕەنگ دەکاتەوە و شۆکێکیشە بۆ وەخەبەرهێنانەوەی کەسانێک کە تووشی نامۆیی نەتەوەیین. ئەم بابەتە تاکوو ڕادەیەکی زۆر دەبێتە هۆی گەشەی زیاتری زمانەکەمان و ئەمە ئێمە لەو شەڕەیدا کە باسم کرد (شەڕی شوناس) بەهێزتر دەکات.
لەلایەکی ترەوە ئەم خەڵاتە تەنیا ڕێزگرتن نییە لە "زارا"، بەڵکوو ڕێزگرتنە لە هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەتی زمانی کوردی دەکەن، ئەوانەی کە مامۆستای زمانی کوردین، ئەوانەی کە بە کوردی دەنووسن و خزمەتی کوردستان دەکەن. ئەم خەڵاتە گرینگیدان و ڕێزگرتنە لەو خزمەتەی کە بە زمانی کوردی دەکرێت. بە سەدان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی خۆبەخشانە خزمەتی زمانی کوردی دەکەن (کە خۆم یەکێک لەو کەسانە بووم) و بە بینینی ئەم جۆرە لە ڕێزگرتن لە زمانی کوردی و مامۆستایانی زمانی کوردی، زیاتر بۆ ئەم ئەرکە نیشتمانییە هان دەدرێن، چونکە هەست بەوە دەکەن کە چەندە ئەرکەکەیان گرینگ و پێویست و پیرۆزە.
بەدڵنیاییەوە ئەم خەڵاتە و ئەم ڕێوڕەسمە دەیان خاڵی پۆزەتیڤی دیکەی هەیە و دەبێ باس بکرێن؛ وێڕای دەستخۆشیکردن لە کوردشۆپ بۆ ئەم کارە بەنرخە و کارە بەنرخەکانی تریان، لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم کە ئەم خەڵاتە (خەڵاتی زارا) بیرۆکەیەکی لەلام دروست کرد، ئەویش دانانی خەڵاتێکی تری ساڵانەیە بە ناوی "خەڵاتی شەریف"، بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناو و خزمەتەکانی شەهید "شەریف باجوەر" و هاوڕێیانی، خەڵاتێک کە ساڵانە پێشکەش بکرێت بە کەس یان لایەنگەلێک کە خزمەتی ژینگەی کوردستان دەکەن. هیوادارم لایەنگەلێکی پەیوەندیدار کە پێیان دەکرێت، ئەو کارە بکەن.