کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: گوشارەکانمان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر دەکەین

16:18 - 18 بەفرانبار 2722

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئاڵمان، لەسەر ئێعدامکردنی دوو لاوی خۆپیشاندەری ئێرانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕایگەیاند کە گوشاری زیاتر دەخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ڕایگەیاند کە دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران دوو لاوی دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی لە سێدارە داوە، گوشارەکانی ئاڵمان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زۆرتر دەبن.

ناوبراو لە تویتێری خویدا، نووسیویەتی: "محەممەدمەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی، تەنیا دوو ناو نین، بەڵکوو دوو مرۆڤن کە تووشی چارەنووسێکی کارەساتبار بوون، کە لەسەر داوای ئازادی و مافی ڕەوای خۆیان، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دران، ئێعدامکردنی ئەو دوو لاوە دەستی ئاڵمان لەگەڵ ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا ئاوەڵا دەکات کە گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زۆرتر بکەن".

هەروەها وڵاتانی دیکەش بە هەمانشێوە لەسێدارەدانی لاوانی خۆپیشاندەری ئێرانی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە کردەوەی تێرۆریستی دەزانن و بەتوندی مەحکووم و شەرمەزاریان کردووە.