لە سێهەمین ساڵڕۆژی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییان، چوونە سەر مەزاری قوربانییانی ئەو ڕووداوە و دژی ڕێژیم دروشمیان دا.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە شارەکانی مەهاباد و سەقز خەڵک چوونە سەر مەزاری قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی و ڕێزیان لە قوربانییانی کارەساتی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە گرت.
لە شاری مەهاباد وێڕای یادکردنەوەی قوربانییانی ئەو ڕووداوە دڵتەزینە، خەڵکی بەشداربوو دژی خامنەیی و سپای تیڕۆریستیی پاسداران دروشمیان داوە.
هەروەها لە شاری سەقز خەڵک لە گۆڕستانی شاناز لەسەر مەزاری قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی کۆ بوونەوە و دروشمیان داو کە ''ئازادی خوێنی دەوێ، ڕۆڵەی نەترسی دەوێ''.
ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەی ئۆکراینی لە تاران لەلایەن ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج و ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا کە ژمارەیەکیان کورد بوون.