![](/content/upload/1/root/58052_w920.jpg)
دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازی گشتی بۆ مانگرتنی سەرانسەری، لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان داخست.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کاسبکاران و دووکاندارانی شارەکانی سەقز، بۆکان، ئاودانان و کرماشان و چەند شاری دیکەی کوردستان، لە سێهەمین ساڵڕۆژی کارەساتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج و لە ئاکامدا ١٧٦کەس گیانیان لەدەست دا، بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.
مانگرتنی ئەمڕۆی شارەکانی کوردستان، لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بانگەوازی مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانیان لە سەرانسەری ئێران و کوردستان بڵاو کردەوە و سەرەڕای کەشێکی توندی ئەمنییەتی لە کوردستان، لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان داخست و مانیان گرت.