کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەرییەکانی وەئەستۆگرتنی سیاسیی پارلەمانتارانی جیهان

18:56 - 18 بەفرانبار 2722

زانیار حوسێنی

وەئەستۆگرتن (کەفالەت)ی سیاسی بۆ یەکەمجار لە وڵاتی ئاڵمان و پارڵەمانی ئەو وڵاتە هاتە بەرباس و بە پێشنیاری دەوڵەتی ئاڵمان لەلایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە لە توێی گەڵاڵەیەکدا پێشکەش کرا و لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا لەلایەن ئەو پارڵەمانەوە پەسند کرا. بەپێی ئەو یاسایە نوێنەرانی پارڵەمانی ئەو وڵاتە دەتوانن پشتیوانی لە نوێنەرانی پارلەمانی وڵاتانی دیکە بکەن کە لەژێر گوشار یان قاچاخ‌بوون دان و لەلایەن دەزگا ئەمنییەتی و سەربازییەکانی وڵاتەکەیانەوە مەترسی و هەڕەشەیان لەسەرە. ئەمەش جێی سەرنە کە وڵاتی ئاڵمان لە باسی ئەسڵی سەڵاحییەتە جیهانییەکان لە ڕەوتی یاساییدا یەکێک لە هەرە وڵاتە پێشەنگەکانە دادگای مێکونووس و سزادانی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات نموونەیەکی بەرچاوی ئەو پێشەنگایەتییەیە. مەبەست لەو نووسینە شیکردنەوەی ئەو بابەتەیە کە کەفالەت و وەئەستۆگرتنی سیاسی یانی چی و کاریگەرییەکانی بۆ سەر وڵاتانی دیکە و سیاسەتی نێودەوڵەتی چییە؟

وەئەستوگرتنی سیاسی چەمکێکی نوێیە و هەر وەک گوترا یەکەم‌جار لە وڵاتی ئاڵمان هاتە گۆڕێ و هەوڵ درا لە حقووقی نێودەوڵەتیدا جێگیر بکرێت. ئەو یاسایە لە سەرەتادا تەنیا بۆ پشتیوانیکردن لە نوێنەرانی پارڵەمانتارانی وڵاتانی دیکە بوو، بەڵام ئەو بەرنامە و پلانە گەشەی پێ درا و پانتایی کارایی ئەو چەمک و دەستەواژەیە بەرفراوانتر بوو، و ئەو پشتیوانییە چالاکانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، هونەرمەندەکان و کەسانی دیکەی هێنایە ژێر سێبەری خۆی؛ ئەوانەی وا لەژێر گوشار و مەترسیی دوای دەسبەسەرکران و هەڕەشەی جۆراوجۆر بوون.

وەئەستۆگرتنی سیاسی لە یاسای وڵاتی ئاڵماندا بە مانای پشتیوانییەکی ئەخلاقییە و پشتیوانیی حقووقی ناگرێتە خۆ؛ بۆیە پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی حقووقی بۆ پارلەمانتار لەبەرانبەر کەسی دەسبەسەرکراودا پێك‌ناهێنێ. بە مانایەکی دی وەئەستۆگر (کەفیل)ی سیاسی سەبارەت بەو کەسەی وەئەستۆگرییەکەیی قەبوڵ کردووە، وەک پارێزەرێکی یاسایی لە دادگای فەرمی بۆ بەرگری لە کەسەکە توانای جێبەجێکاریی نییە، بەڵام ئەو هێز و تواناییە بۆ وەئەستۆگر هەیە و دەتوانێ بە کەڵکوەرگرتن لە جێگە و پێگەی سیاسی و یاسایی خۆی، ببێتە دەنگی تاکی دەسبەسەرکراو کە لە مەترسی‌دایە و بە وشیارکردنەوەی بیروڕای گشتی بەنیسبەت دۆخی بریگرتەکەی و بۆ مافەکانی لە ڕێگەی کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا بەدواداچوونی بۆ بکات.

نوێنەری پارلەمان دەتوانێ یەک یان چەند زیندانیی سیاسی هەڵبژێرێ و بە جێگە و پێگەی سیاسیی خۆی بۆ پاراستنی مافی هەڵبژێردراوەکانی هەوڵ بدات و داوا لە باڵوێزخانەی وڵاتی بەردەنگ بکات کە لە دۆخ و چۆنیەتیی پرۆسەی گیران و دادگاییکردنی بریگرتەکەی ئاگاداری بکاتەوە و هەروەها داوا لەم وڵاتە بکات کە هەموو مافەکانی بریگرتەکەی بپارێزێ و بەپێی ڕیوشوێنی دیاریکراو لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان ڕێز لە ئازادییەکان بگرێت و بەزووترین کات بریگرتە یان بریگرتەکانی ئازاد بکرێن و هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەریان لابچێت، یان ئەگەر حوکمێکی دژەمرۆیی بۆ دەرکراوە، بە زووترین کات هەڵیوەشێننەوە. کەوابوو وەئەستۆگری سیاسی توانایی بەرگریکردن و جێبەجێکاری لە دادگای فەرمیدا نییە وەک پارێزەری بریگرتە، بەڵام ئەو کاریگەرییانەی کە دەتوانێ لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرانی وڵاتی بەردەنگی دابنێ، زۆربەی کاتەکان زۆر زیاتر لە کاریگەرییەکانی پارێزەرێکی حقووقییە لە سیستمێکی دیکتاتۆردا. ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە هەرکات وڵاتێک دەستی بۆ جینایەت یان جینایەتگەلێك برد، کاتێک بوود هۆی دەنگدانەوە لە ئاستی نێودوڵەتیی و مێدیاییدا و کەسانی ناسراو و بەجێگە و پێگەی سیاسی-حقووقی هاتنە سەر هێڵ، ئەو جۆرە وڵاتانە ملکەچ بە پاشەکشە یان گۆڕینی جۆری هەڵسوکەوتیان بەنیسبەت تاکەکان یان هێندێک لە بابەتەکان دەبن؛ چوونکی حکوومەت‌گەلی وەک کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ڕواڵەت و ڕوخسارێکی یاسایی و پێبەندانە لەخۆیان پێشان بدەن لە بەرانبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

گرینگیی ئەو چەمک و دەستەواژە نوێیانە لەوەدایە کد بێتوو لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا جێ بکەوێ و ببێتە بابەتێکی گشتگیری نێودەوڵەتی لە ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانیدا، ئەوکات دەکرێ لەگەڵ بابەتە نێودەوڵەتییەکانی دیکە وەک ئەسڵی جیهانیی دادگایی‌کردن و وڵامدەرکردن لەبەرانبەر جینایەتە پێناسەکراوەکان لەنێو کۆنڤانسیۆنەکان و جاڕنامە جیهانییەکاندا گرێ بدرێ و هەوڵ بۆ پتەوکردنی هەرچی زیاتری ئەو جۆرە چەمکە نێودەوڵەتییەکان بدرێ و خۆی دەبێتە هۆی پێکانی چەند ئامانج وەکوو چکۆلەترکردنەوەی بازنەی ئەمنییەتی بۆ جینایەتکارەکان، دابەزاندنی ئاستی توانایی خۆشاردنەوەی جینایەتکاران لەبەرانبەر یاسا و چەمکەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکاندا، بەجیهانیترکردنی پرسە حقووقییەکان لە بازنەی سیاسی و سیاسەتوانانی وڵاتانی جۆراوجۆردا، گرێدانەوە و لکاندنی زیاتری جیهانی سیاسەت و جیهانی حقووق و یاسا بە مەبەستی جێگیرکردنی باشتری ئازادییەکان و پشتیوانیکردن لە ئەسڵ و بنەما ئەخلاقییەکان، گەورەترکردنەوەی سنوورە حقووقی و یاساییەکان بە مەبەستی بردنە سەرەی تێچووی ئەنجامی جینایەت بۆ جینایەتکاران و پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ و هتد.

لە ڕەوتی خەبات و شۆڕشی سێ مانگەی ئەمجاری گەلانی ڕاپەڕیو لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا بوونی میدیا بەهێزەکان، لەسەر خەتبوونی چالاکە مەدەنی و سیاسییەکان، هاتنەدەنگی بیروڕای گشتی سەبارەت بە سەرکوت، پێشێلکارییەکان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی، بووەتە هۆی پاشەکشەکردنی بەرچاوتر لەجارانی دەسەڵاتداران لە تاران و بردنەسەرەی تێچووی دەستبردن بۆ جینایەتە هەمیشەییەکانی. هاوکات بە هاتنە سەرخەتی نوێنەرانی پارلەمانی ئاڵمان بەهۆی یاسای ڕێگەپێدراوی ئەو وڵاتە، کەند و کۆسپێکی زۆرتر هاتۆتە سەر ڕێی جینایەتکارانی ئەو دەسەڵاتە و خۆی ئەو هاتنەدەنگە و وەئەستۆگرتنە سیاسییە بووەتە هۆی لەسەر خەتبوونی زیاتری میدیاکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی وڵاتانی دیکە و وای کردوە ئەو شۆڕشە لە چوارگۆشەی گۆی زەوی دەنگ بداتەوە. هەروەها پارلەمانتارانی وڵاتی ئاڵمان بەپێی ڕادەی دەست‌ئاوەڵەییان دەتوانن پێوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بگرن و داوا بکەن کە گوشاری زیاتر بخەنە سەر دەسەڵاتی بەردەنگ بۆ وڵامدەربوون لەبابەت بریگرتەکەیان و بۆخۆشیان ڕاستەوخۆ وەک وەئەستۆگر و پارێزەری سیاسی بچنە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە و داوای پاراستنی مافەکانی بریگرتەکەیان و ئازاد کردنی لە زیندان بکەن.

وەئەستۆگرانی سیاسی دەتوانن لە پارلەمانی وڵاتەکەیان بە پێشکەشکردنی گەڵاڵە و پەسندکردنی، داوا لە حکومەتەکەیان بکەن لە بواری سیاسی، بازرگانی، ئاست و ڕادەی پێوەندییە جۆراوجۆرەکانیان لەگەڵ وڵاتی بەردەنگدا پێداچوونەوەیە بکەن یان هێندێک لە گرێبەستەکان ڕابگرن، یان خود هەڵیوەشێننەوە. هەروەها بەپێی سەلاحییەتی جیهانی بۆ بێ‌سزا نەمانەوەی جینایەتە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن جینایەتکارانەوە، داوا لە دەزگای دادی وڵاتەکەیان بکەن کە بەشێوەی پاشملە، دادگاییان بکەن و حوکمیان بۆ دەربکەن.

تا ئەو ڕێکەوتە زیاتر لە ١٠٥ پارلەمانتاری ئاڵمانی کە زۆربەیان لە حیزبەکانی سۆسیال دێموکرات و سەوزی ئەو وڵاتەن  ودەتوانن لە بواری ئیجرایی و جێبەجێکاریشەوە زۆر بڕیاری یاسایی و بەجێ بەدژی دەسەڵاتی ئێستای تاران دەربکەن و تەنانەت لە بواری یاساییەوە وڵاتەکەیان پێبەند بە ئەنجامی هێندێک هەڵسوکەوتی کردەیی بکەن. لە جەریانی چەمکێکی نوێی حقووقی یان یاسایی لە ڕەوتی حقووقی نێودەوڵەتی جگە لە چونیەتی و ڕادەی باشی، ڕێژە و ئاستی بەشداربووانیش بۆ جێکەوتن و جێگیربوونی گرنگە؛ جیا لەوەی پرسە ئەسڵییەکە دەبێتە بەرچاوڕوونییەکی زیاتر بۆ ڕێرەوان و پێبەندان بە ئەخلاقیات و مافەکانی مرۆڤ کە لێکەوتەی زیاتر و تایبەت بەخۆی دەبێتەوە و جیا لە گوشارە سیاسییەکان، میدیاییەکان و بیروڕای گشتی لە ئاستی جیهانیدا، خۆی دەبێتە هۆی بەکردەوەکردنی گوشارەکان لەلایەن دەوڵەتان یان وەزارەتی دەرەوەیان و دەزگای دادیان؛ شەپۆلێکی پێکهێنراو لە ئاگایی و لەسەر هێڵبوونی لایەنە جۆراوجۆرەکان کە زۆرجار تەنیا ڕێگەیەک لەپێش دەسەڵاتێکی جینایەتکار و تۆتاڵیتێر دەهێڵێتەوە، پاشەکشەکردن لەبەرانبەر ئەو لایەنانەیە و ئەوەش دەبێتە هەوێنی پێشڕەوی کردنی زیاتری خەڵک، ویست و داخوازییەکانیان و ڕێکخراو و چالاکە سیاسی و مەدەنییەکان.

دیارە هەر دەسەڵاتێکی جینایەتکار و نابەرپرسیار لەدەسپێکدا لەبەرانبەر ئەو جۆرە ڕەوتە نوێیانەدا هەوڵ دەدات کە هێز و توانایی جینایەتکارانەی خۆی بسەپێنێ و نیشان بدات کە ئەو ڕەوتانە لاوازتر لەوەن کە بتوانن پێش بە ویست و بڕیارەکانیان بگرێت، بەڵام هەر لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا بۆ زۆرینەی خەڵک دەرکەوت کە ئەو چەمکە نوێیە لە حقووقی نێودەوڵەتیدا بەهۆی ڕادەی دەست‌ئاوەڵەیی داهێنەران و بەکارهێنەرانی تا چ ئەندازە توانیویەتی کاریگەر بێت و پاشەکشە بە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بکات؛ ئەوەش تا جێیەک چووەتە پێشێ کە ئەندامانی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان و چالاکانی مەدەنی بەردەوام لە هەوڵی زیاترکردنی ڕێژەی وەئەستۆگرانی سیاسیدان بۆ زیندانییە سیاسییەکانی ناو سیاچاڵەکانی ئەو دەسەڵاتە. بەشێوەیەک کە لە وڵاتانی دیکە وەک سوئێد، نۆڕوێژ و بێلژیکیش هەر بە پشت‌قایمی ئەو ئەسڵە و تاریفە جیهانگرەکەی، هاتوونەتە سەرهێڵ و ڕاستەوخۆ بە کاربەدەستانی دەسەڵاتی ویلایەتی خۆمەینیزم دەڵێن بوەستە! و ئەو وەستانەش بە پشتبەستن بە چوارچێوەی سنووری دەسەڵاتی بەکارهێنەرانی ئەو چەمکەیە کە دەتوانێ شێوازی هەڵسوکەوت لەبەرانبەر سەرەڕۆییەکانی ئەو دەسەڵاتە بەڕێتە ناو قۆناغێکی جیاوازتر و جیددیتر.

ماوە بگوترێ کە یەکێک لە دەسکەوتەکانی هەرە گرینگ و بەرچاوی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە خۆپێشاندانەکانی ئەو ماوەیە بەهۆی کووشتنی بەئانقەستی ژینا ئەمینی، بەکارهێنان و بەتاقیکردنەوەی ئەو چەمکە نوێیەیە لە ڕەوتی یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتیدا کە بەشێوەیەکی بەرفراوان کەڵکی لێ وەرگیراوە و بەکارهێنەرانیشی لەم ئەرک وەخۆگرییەدا بەردەوامن؛ ئەو بابەتەش تەنیا نیگەرانی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ساز نەکردوە و بەدڵنیاییەوە دیکتاتۆرەکانی دیکەی چوارگۆشەی ئەو زەوییەی خستۆتە مەترسییەوە بەنیسبەت بێ‌کاریگەری‌بوونی لەمەوبەدوای حوکمە دژە مرۆییەکانیان لە دادگا نایاساییەکان.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.