کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینای ئێمە، یان مەهسای ئەوان؟

19:03 - 18 بەفرانبار 2722

ئاسۆ مینبەری

لەوەتەی کورد وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەست لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە بەرەوڕووی جۆرەکانی هەڵاواردن و سڕینەوەی شوناس و لە هەمووی گرینگتر پێناسەی بێگانەبوون لە ئاو و خاکی خۆی بووەتەوە، پرسی کورد و ئەوی تر _دوژمن_ هاتووەتە ئاراوە و زۆر جار هەوڵ دراوە کە شەڕ لەگەڵ ئەم پێناسانە بکرێ.

ژینا ئەمینی کچە کوردێک بوو کە وەکوو هەزاران منداڵی کوردستان هەر لە سەرەتای لەدایکبوون و ناودێرکرانیەوە بەرەوڕووی ئەو هەڵاواردنە بووەوە کە وەکوو ئەوی تر ناسرا؛ هەربۆیە ناوی تۆمارکراوی ناسنامەی ژینا بوو بە مەهسا، ناوێک کە ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە ڕاپەڕین و بەرخودانی خەڵک لە کوردستان و ئێران هێشتا مشتومڕی لەسەرە و ئەوەی کە ئاشکرایە زەوتکردنی شوناس و بوونی ژینا لە ژێر ناوی داگیرکراوی مەهسایە!

کاتێک کە ژینا بەو شیوازە دڕندانەیە لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمەوە گیانی لێ ئەستێندرا، پێداگربوون لەسەر ناسنامە ڕاستەقینەکەی لە یەکەم چرکەکانی بەخاکسپاردنیەوە لە سەر کێڵی گۆڕەکەی خۆی نواند، لەسەر کێلەکەی ناوی بە ژینا نووسرابوو، ژینایەک کە کورد بوو و تا کاتی شەهیدبوونیشی هەر بە ناوی ژینا بانگ کرابوو، ئەمەش پێچەوانە خواست و ویستی داگیرکەر بوو. بەڵام بابەتێکی گرینگ کە لەم ‌بارەوە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت ئەو ڕووبەڕوبوونەوەیە بوو کە لەنێوان خەڵکی کوردستان و خەڵکی باقی بەشەکانی ئێراندا ڕووی دا، ئەویش پێناسەکردنی ئەو کچە بە دوو ناوی جیاواز بوو کە ئێستاکەش هەر بەردەوامە!

لە کوردستاندا، ژینا بە ژینا دەناسرێت چونکە بەم ناوە کوردییەیە کە ژینا دەتوانێ ببێتە سیمبول بۆ کوردستان و خەڵکی کوردستانیش هەر لە ڕێگەی ئەم ناوەوە دەتوانن خاوەندارەتی لە کچێکی کورد بکەن، کە لە ڕاستیدا خاوەندارەتی‌کردن لە ژینا وەکوو کچێکی کورد، خاوەندارەتی‌کردن لە شوناسی ڕاستەقینەی نەتەوەیەکە، بەو مانایە کە ژینا دەتوانێ وەکوو نوێنەری نەتەوەیەک چاوی لێ بکرێ! ژینا لەم پێناسەیەدا دەتوانێ نوێنەری نەتەوەیەکی بەشخوراو، پەراوێزخراو، ماف پێشێلکراو و لە هەمانکاتدا، توێژێکی ستەملێکراو و چەوساوە بە ناوی ژن بێت.

ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە بە زەقکردنەوەی ناوی مەهسا لە بەرانبەر ناوی ژینادا زیاتر هەستی پێ دەکرێت. لە ڕاستیدا زەقکردنەوەی ناوی مەهسا، کەمڕەنگکردنەوە و لە زۆرحاڵەتیشدا سڕینەوەی پرسێک بە ناوی پرسی کورد بوو؛ هاوکێشەکە ئەمەیە: مەهسا لە بەرانبەر ژینا، کورد لە بەرانبەر ئەوی تر!

لانیکەم خوێندنەوە و سەرنجدانی بەرنامە و پلانی حیزبەکانی کوردستان دەتوانێ ڕوونی بکاتەوە کە ئەوان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا داوای مافی خۆیان دەکەن، بۆ نموونە حیزبی دێموکرات بە داواکردنی فێدراڵیزم و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی لە داهاتووی ئێرانی ئازاد و دێموکراتیکدا سەلماندوویەتی کە پرسی کوردستان و ئێران هەر دوو گرینگ و جێی بایەخن و لەم چوارچێوەیەدا وەکوو حیزبێکی کوردستانی هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافی خەڵکەکەی خۆشی دەدات، لەم چوارچێوەیەشدا بەپێی پێویست لەگەڵ لایەن و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کەوتووەتە وتووێژەوە، بەڵام ئەوەی کە لەم دواییانەدا ڕووی دا، نیشان دەدات کە ئەم ویست و داخوازییە لەلایەن حیزبەکانی کوردستانەوە تاکوو ئێستا نەیتوانیوە جێگای خۆی بگرێتەوە! هەر بۆیە بەپێچەوانەی ئەوەی کە لایەنە کوردستانییەکان هەوڵیان دا ڕاپەڕینەکە ڕێبەری بکەن و کوردستان وەکوو سەرجاوەکەی بناسن، لایەنەکانی دیکە وەکوو ئەوی تر لە پرسی کورد دەڕوانن و پاش زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ بەردەوامبوونی کوردستان لە ڕاپەڕین و هاتنە سەرشەقام، شارەکانی دیکە و بەتایبەت گەورەشارێکی وەکوو تاران هەنگاوێکی ئەرێنییان لەپێناو درووستکردنی یەكڕیزیدا هەڵ‌نەگرتووە، لە زۆر حاڵەتیشدا تەنانەت نکۆڵی لە بەستێن و کانتێکستی ڕاپەڕینەکە واتە کوردستان کراوە، کە بێگومان ئەمە هەر دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە کە ئەوان کورد بە ئەوی تری خۆیان دەزانن و نایانەوێ ببنە سووتەمەنیی ڕاپەڕینێک لە دەسپێشخەرەکەی کورد بووە!

زۆر کەس لە چالاکانی کورد لە ماوەی ڕابردوودا داوایان کرد کە هەوڵ بدرێ ژینا لە دنیای دەرەوەدا بە ناوی خۆیەوە بناسرێت، بەڵام بەداخەوە هەوڵەکانیان جێگای نەگرت و ئێستا زیاتر لەوەی کە ژینا وەکوو کچێکی کورد بناسرێ کە بووەتە ئامانجی هێرشی نەتەوەیی و ڕەگەزی لەلایەن ڕێژیمەوە، مەهسا بووەتە کچێکی ئێرانی کە بەداخەوە کە لەڕاستیشدا ناتوانێ نوێنەرایەتیی نەتەوەکەی خۆی بکات، ئەمە لە کۆمەڵگەی کوردستانیشدا تا ڕادەیەکی بەرچاو دیارە، زۆر کەس لە کوردستاندا بە بێ سەرنجدان بەو ڕاستییە کە ئەم ناوە دەتوانێ هۆکارێکی گرینگ بۆ سڕینەوەی شوناسی ژینای کوردستان بێت کەوتنە داوی پڕوپاگەندەکانی لایەنەکانی دیکەوە و بە جەختکردنەوە لە سەر جۆگرافیایەکی هاوبەش بە ناوی ئێران ژینایان لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی تا ڕادەیەک داماڵی!

ئەوەی کە ئەبێ لەمبارەوە گرینگی و بایەخی پێ بدرێت ئەوەیە کە ژینای ئێمە و مەهسای ئەوان نوێنەرایەتیی دوو گوتاری لێک جیا دەکەن، کوردستانیبوون و ژن‌بوونی ژینا، لەو هۆکارە سەرەکییانە بوون کە کوشتنی حکوومەتیی ژینایان لێ کەوتەوە، هەر ئەم هۆکارانەش بوون کە ژنانیان هێنایە سەر شەقام و ڕۆڵی سەرەکیی ڕاپەڕینەکەیان پێ دان.

جەختکردنەوە و پێداگری لەسەر ئەم بابەتە زۆر گرینگە، بۆیە پێویستە هەر تاکێکی کورد و بەتایبەتیش ژنان لە پێشەنگایەتیی ئەم ڕاپەڕینەیان لە ئەستۆیە بە وردبین ییەوە لەم بابەتە بڕوانن و کار بۆ جێگیرکردنی شوناسی ڕاستەقینەی ژینا و خۆیان وەکوو ژنی کورد لەم ڕاپەڕینە سەرانسەرییەدا بکەن.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.