![](/content/upload/1/news/58116_w920.jpg)
لە درێژەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، شەوی ڕابردوو لە چەندی شاری ئێران و کوردستان خەڵکی ناڕازی دژی ڕێژیمی ئێران هاتنەوە سەر شەقام و بە کردنەوەی ئاگر و دروشمدان درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.
شەوی یەکشەممە ١٨ی بەرفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە شارەکانی سنە، تاران، ئیسفەهان، ئەراک، بەندەرعەباس و قەزوین خەڵک بە دوای بانگەوازکان بۆ سێهەمین ساڵوەگەڕی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدرانەوە و هەروەها لە کاردانەوە بە ئێعدامی محەممەدمەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی، هاتنە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران و جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
لە شاری سنە، لاوانی بوێر بە کردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقام و دروشمدان دژی ڕێژیم، پێداگریی خۆیان لەسەر ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات کردەوە.
لە تاران لە گەڕەکەکانی ''حەوت حەوز، بلوار فێردۆس، سادقییە، سەتارخان، ئێکباتان، شەریعەتی و شەقامی ئینقلاب و چەند وێستگەی مێترۆ'' خۆپیشاندان بەڕێوە چوو و خۆپیشاندەران دروشمی ''ئەو ساڵ، ساڵی خۆێنە، سەید عەلی دەڕووخێت'' و ''نەمان بۆ دیکتاتۆر''یان دا.
خۆپیشاندەران لە ئەراک ڕژانە سەر شەقام و ڕێپێوانی بێدەنگیان بەڕێوە برد و بە نیشانەی ناڕەزایەتی لاقیان لە زەوی دەکوتا.
هەروەها لە شارەکانی بەندەرعەباس و ئیسفەهان و قەزوین کۆمەڵێک لە خەڵک هاتنە سەر شەقام و بە کردنەوەی ئاگر و دروشمدان دژی خامنەیی و جینایەتەکانی، بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی.