کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆژیتۆی کوردی (من کوردانە بیر دەکەمەوە، کە وابێ هەم)

10:58 - 19 بەفرانبار 2722

شاهۆ حوسێنی

لەبری پێشەکی:

کورد لە کوردستان وەک بوونێک زۆربەی کات لەنێوان سێ بوونی کلۆنیالیستی‌ ئیسلامی، لێنینیستی و کەماڵیستی، ئێرانیستی و عەرەبیسمدا گێژی خواردۆتەوە، واتە حەولی داوە بوونی خۆی، کێشە و قەیرانەکانی و مسۆگەربوونی لەڕێی ئەم زەینە کلۆنیالیستیانەدا بخوێنێتەوە و چارەسەریان بکات، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە گرینگترین تایبەمەندیی نیزامی ئێپیستمۆلۆژیی (مەعرفەت‌ناسی) ئەم زەینانە، ڕوانینی ئۆبژێکتیڤیستیانە بە نیسبەت کورد، کێشەی کورد و بوونناسیی کوردە. ئەوان بە بەردەوامی حەولی سڕینەوەی کورد وەک بوون دەدەن لەڕێی تواندنەوەی کورد لەنێو ئەو شوناس و چوارچێوە زەینیەدا کە بوونێکی مەسخ‌کراو لە کورد دەردەخات. ئەم زەینە کلۆنیالانە حەول دەدەن لەڕێی بەرگرتن بە دەرکەوتنی کۆژیتۆی کوردی و سەپاندنی کۆژیتۆی ئیسلامی، لێنینستی، کەمالیستی، ئێرانیستی و عەڕەبی بوونێکی دەسکرد، دەستەمۆ و ملکەچ لە کورد بەرهەم بهێنن. واتە لەڕێی داگیرکردنی زەینی و مەعریفیی کورد، بەتاڵکردنی کورد وەک بوون لە کۆژیتۆی کوردی و نێوئاخن‌کردنی بە زەینێکی دەرەکیی داگیرکەر، سەربەخۆیی لە کورد داماڵن و بەر بگرن بە دەرکەوتنی بوونێکی سەربەخۆ لە کورد. واتە لەڕێی بەرگرتن بە دەرکەوتنی کورد وەک بیر، زەین و فەلسەفە بە مانای ئەندێشەی لۆژیکی و پاساوکەری فۆرمێک لە بوون یان کۆژیتۆی کوردی بە مانای بوونێکی خۆپێناسەکەر، خۆدەرخەر و خۆڕێکخەری سەربەخۆ، بەر دەگرن بە سەربەخۆیی کورد لە بوارەکانی تری کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و ئابووری. ئا لێرەڕایە کە گرینگایەتیی کۆژیتۆی کوردی دەردەکەوێت و پێویستە تیشکی بخرێتە سەر و شرۆڤە بکرێت.

کۆژیتۆ دەستپێکی سەربەخۆیی

کۆژیتۆ دەست‌پێک، بنەما و ئەساسی هەستیە، کە لەو ڕا مرۆڤ وەک تەنیا سوژەی ڕاستەقینە بەو هۆیەوە کە مرۆڤ بیر دەکاتەوە و لەڕیی بیرکردنەوە خۆی، ئەویتر و جیهان دەردەخات، دەردەکەوێت، واتە لەڕێی کۆژیتۆ مرۆڤ دەگاتە ئەو پلە و بایەخە وەک سوژە کە هەموو بوونەکانی‌تر بوونیان دەروەست بە بوونی مرۆڤە. کۆژیتۆ لەڕێی "من بیر دەکەمەوە"ڕا دەردەکەوێت، ئەو ئەندێشە، زەین و هزرەی کە پێداگری دەکات لە ڕەسەنایەتی، هێز و حزووری مرۆڤ وەک تەوەرە و ناوەندی جیهان بەگشتی.

 لە ڕاستیدا لەڕێی منی بیرمەند و منی بیرکەرەوەڕایە کە هەم خۆم وەک جیسم و هەموو جیهانی دەرەوەی من مەجالی دەرکەوتن و مسۆگەر بوون پەیدا دەکەن. بەگشتی دەشێ بگوترێ مرۆڤ بە بیرکردنەوە و بە دەرکەوتنی"من بیر دەکەمەوە" دەور و نەخشیکی تەوەریی لەنێو هەموو بوونەکانی‌تردا بۆخۆی مسۆگەر کرد و لەڕێی چەمکی "من بیر دەکەمەوە کە وابێ هەم" سەرکەوتنی منی مرۆڤ و پێگەی منی مرۆڤ کە لەخۆگری سەربەخۆیی منە بەسەر بوونەکانی‌تردا مسۆگەر دەبێت. بێ گومان ئەو یەقینە بە بوونی خود و بە من وەک کۆژیتۆ لە شک و گومانەوە دەست پێ‌دەکات، مرۆڤ لەڕیی گومان خستنە سەر ئەو دیاردانەی کە ئەو لەخۆ دەگرن، پێناسەی دەکەن و شوناسی بۆ ساز دەکەن، دەتوانێ بە خودی ڕاستەقینە و خۆبنیادنەری بگات، مرۆڤ لە ڕێی گومان خستنەسەر ئەو شوناسە داسەپاوەی کە ئەویتری پاوانخواز، داگیرکەر و داپڵۆسێنەر بە سەریدا سەپاندەوە دەگاتە خودی گەوهەری ڕاستەقینە. بەو پێیە دەشێ بگوترێ کە دەرکەوتنی من وەک کۆژیتۆ بە مانای منی خاوەن هزر و ئەندێشەی سەربەخۆ وەک بەرهەمێکی لۆکاڵی منی ڕەخسیو لە جەغزی ئەویترە کە ڕێگا بۆ سەربەخۆیی لە بوارەکانی‌تر دەڕەخسێنیت و بنەمای سەربەخۆییەکانی‌ترە.

حەولە سەرەتاییەکان بۆ دەرکەوتنی کۆژیتۆی کوردی

کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدهەم کە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان، لەلایەن مێقداد مەدحەت بەدرخان، و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زایینی کە هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان، دەشێ وەک دەستپێکی دەرکەوتنی ئاڵوگۆڕی‌ زەینی، حەول بۆ دەرخستنی ڕوانینێکی کوردانە لە کورد، بونیادنانی کوردبوونێکی لۆکاڵی بەدەر لە ڕوانگەی داگیرکەران و یۆریانتالیستەکان، ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە کۆمەڵگوی کوردیدا پێناسە بکرێت. بەهۆی ئەوەی کە ئاڵوگۆڕ لە ئیمپراتوریی عوسمانی بەشێوەی ڕێفۆرمخوازی و بزاڤی لالە و دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرهەمی ئاڵوگۆر لە سیستمی فێرکاری، هاموشۆی کۆمەڵانی خوێندکار بۆ ڕۆژئاوای مۆدێڕن، خوێندن لە خویندگە مۆدێرنەکانی ڕۆژئاوادا، ئاڵوگۆڕی لە کولتووری کۆمەڵگە و ئەندێشەی کۆمەڵگەدا ساز کرد، لە وەها دۆخێکدا بوو کە یەکەم کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان دەرکەوتن. کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان دوو دیاردەی گرینگیان هەبوون، یەکەم ئەوە کە فۆرماسیۆن‌گەلێکی ڕووناکبیرانە بوون و دووهەم، نەتەوەخواز بوون (دوو دیاردەی کە وەک بنەما بۆ دەرکەوتنی کۆژیتۆی کوردی دەوری سەرەکی دەگێڕن). بنیادنەرانی ئەم کۆڕ و کۆمەڵانە کەسانی خوێندکار و خاوەن هزر و ئەندێشەی نوێ بوون. ئەوان بە حەول و کۆشش بۆ پەرەپێدانی هزر و ئایدیای نوێ لە ڕاستیدا بەگژ بیر و ئایدیای نەریتی و کۆنی کۆمەڵگەدا ڕۆ چوون و ڕەخنەگری کولتوور و ئایدیای نەریتی کۆمەڵگە بوون. هەروەها ئەوان بە بنیادنانی کۆڕ و کۆمەڵی کوردی و بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بە کردەوە تێکۆشاون و لە کۆمەڵگەدا هەنگاویان بۆ وەدیهێنانی ئاڵوگۆڕ هەڵێناوەتەوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە ئەندێشەی نوێ، کردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی و کۆششی مەدەنیانە (ڕووەو کۆمەڵگە خەبات‌کردن نەک حەول بۆ دەسەڵات) سێ تایبەتمەندیی گرینگی ڕووناکبیرانن کە لە ڕێکخەڕانی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکاندا هەبوو.

ئەم ڕەوتە بە زۆر هۆکار و یەک لەوان دەرکەوتنی دەسەڵاتە ئیمپڕیالیستیە شێوە مۆدێڕنەکانی ڕەزاخانی لە ئێران، کەماڵیستی لە تورکیە، کۆمۆنیستی و لە پاشان بەعسی لە عێراق و سووریە لە تەنیشت پەرە و هێژمۆنی ئایدۆلۆژی، عەقڵانییەت و دەسەڵاتی چەپی لێنینیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هێژمۆنی ئەو ئایدۆلۆژییە لەنێو چینی خوێندکار و شێوە ڕووناکبیری کورد، ناکام مایەوە و کۆتایی پێ هات، لەگەڵ ئەوەدا ڕەوتی نەتەوەخوازی حەولی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و بەدواچوونی بۆ مافەکانی کوردی دەدا، بەداخەوە هێژمۆنیی پۆزیتیڤسیم لەنێو نەتەوەخوازەکاندا هەموو حەول و کۆششەکانی لەنێو چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسیدا قەتیس کردبۆوە.

 ئاڵوگۆڕ لەئاگایی تاکی کورد‌دا

دابڕانی کۆمەڵگەی کوردی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئەندێشە و ڕوانگەی نەریتی، دەشێ وەک یەکەم چرۆی فام و خۆئاگایی لەنێو تاک و کۆمەڵگەی کوردی ببیندرێت، ئەم فام و خۆئاگاییە بەشی زۆری بەرهەمی ئاڵوگۆڕی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری ئەم ژێئۆپۆلەتیکانە بوو کە لەپاش شەڕی یەکەمی جیهانی کوردیان تێدا پارچە کرا و خەونەکانی کورد بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی تیا نێژرا. بێگومان ئەم تێگەیشتن و فامە لەم دۆخە قەیراناوییەش بەرهەمی پەرەی خوێندنی نوێ، ڕۆژنامەگەری کوردی و دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان بوو. تێگەیشتن لەوە کە کورد تورک، فارس و عەڕەب نییە و ژینگەی ڕواڵەتی و زەینیی ئەو جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەم سێ ژینگەیە؛ لە ڕاستیدا یەکەم هەنگاوی دەرکەوتنی کۆژیتۆی کورد بوو. بەڵام بەشێکی زۆری قەیرانەکە کە دەگەڕاوە سەر بنیاتنانی زەین و کردنەوەی دەلاقەیەکی کوردانەی بەڕوی کێشەکاندا هەر ماوەتەوە، کورد لە درێژەدا لەگەڵ ئەوەدا حەولی دەرخستنی جیاوازیی خۆی لەگەڵ ئەویتری تورک، فارس و عەڕەب دەدا، بەڵام ڕێک لەنێو جوگرافیای زەینی ئەوی‌تردا خوێندنەوەی بۆخۆی و ئەوی‌تر دەکرد، واتە بەشێک لە نەتەوەخوازانی کورد، حەولی پاساوکردنی نەتەوەخوازیان لە دەلاقەی ئایین‌ڕا دەدا و بەم شێوەیە ئایینخوازی بوو بە چوارچێوەیەک بۆ پەروەردەی نەتەوەخوازی کوردی. کێشەی گرینگی ئەم ڕەوتە لەوەدا بوو کە ئایین وەک زەین و فۆڕمێک لە عەقڵانییەت، هاوردەیەکی عەڕەبی و ناکوردی بوو. بەشێکی‌تری کۆمەڵگەی کوردی لە دەلاقەی ئەندێشەکانی چەپ (لێنینیسم، مائۆئیسم و ئانارشیسم) ڕا خوێندنەوەیان بۆ قەیرانەکانی کۆمەڵگەی کوردی و یەک لەوان قەیرانی نەتەوەیی دەکرد. ئەم بەشەش بوونە دوو تاقم: تاقمێکیان ئەساسەن نکۆڵییان لە نەتەوەخوازی دەکرد و وەک دیاردەیەکی بۆرژوازی و ئیمپریالیستییان پێناسە دەکرد، تاقمی دووهەمیش حەولیان ‌دا چەپ وەک چوارچێوەیەک بۆ پەرەی نەتەوەخوازیی کوردی بەکار بێنن. کێشەی ئەم دیاردەیەش ئەمە بوو، کە ئەساسەن چەپ وەک ئەندێشە و زەین هیچ تایبەتمەندێکی وێکچووی لەگەڵ کۆمەڵگە، ژینگە و تاکی کورد نەبوو، واتە تاک و کۆمەڵگەی کورد لە غیابی زەینێکی کوردانە بەر لەوەکە وەک سوژەیەکی کوردی دەربکەون، بوونە ئۆبژە و کەرەسەی بیرۆکەی چەپ.

بەشیکی‌تری کۆمەڵگەی کوردی حەولیان دەدا نەتەوەخوازی کوردی لە دەلاقەی زەین، فام و تێگەیشتنی نەتەوەی باڵادەستی تورک، فارس و عەڕەب‌ڕا بخوێننەوە، واتە نەتەوەخوازی تورکی، فارسی و عەڕەبی جیهانێکی مەعریفی و چوارچێوەیەک بوو کە لەودا خەریکی پەروەردەی نەتەوەخوازی کوردی بوون، گرینگترین کێشەی ئەم ڕەوتەش لەوەدا بوو کە ئەساسەن ئەم سێ فۆڕم لە نەتەوەخوازییە هیچ باوەڕێکی بە کۆژیتۆی کورد نەبوو و ئەساسەن ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤیستانەیان بە نیسبەت کورد و ئەوییتری خۆیان هەبوو.

ئاکام

بێگومان دەستپێکی سەربەخۆیی لە ڕواڵەتی سیاسیدا بەرهەمی سەربەخۆیی زەینی، ئاگایی و سەربەخۆیی لە فام و تێگەیشتنە، واتە دەلاقەیەکی مەعریفی بۆ ڕوانیین، شرۆڤە و فامی "خۆد"، "ئەویتر" و جیهان کە بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵایەتی "خود" بێت، واتە دەرکەوتنی "کۆژیتۆ" سەرەتا و چەخماخەی هەر فۆڕم لە سەربەخۆییەکە، ئەم کۆژیتۆیە خاوەنی جیهانێکی زەینی و مەعریفیە کە سنووربەندی هەیە لە فام و تی‌گەیشتن لەگەڵ ئەویتر و لە دەرەوەی سنووری زەینی ئەویتردا کایە دەکات. کۆژیتۆ وەک خۆی بیر دەکاتەوە و سەرەتا ژیئۆپۆلۆتیکێکی زەینی و مەعریفی بنیاد دەنێت و هەر ئەمەش دەبێتە نەخشە ڕێگای کردە و کردەوەکانی. لە غیابی کۆژیتۆی کوردی "بوونێکی کە کوردانە بیر دەکاتەوە و لەژێر ڕێنمایی بیری کوردانەیدا هەڵسوکەوت دەکات" مافی کورد وەک بوونێکی کورد کە نە تورکە، نە فارسە و نە عەڕەب دەستەبەر نابێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.