کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی فێرکاری ‌و شۆڕشی ژیان لە کوردستان

11:19 - 19 بەفرانبار 2722

حەسەن ساڵح‌زادە

لە نوێترین هەواڵەکاندا و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی سەرکوت و هێرش بۆ سەر چینی مامۆستایانی ئێران‌، دەسەڵات ئەمجارەیان شێوازێکی دیکەی بۆ بێدەنگکردنی مامۆستایانی مافویستی کوردستان بەکار هێناوە کە ئەویش دەستبردن بۆ موچەکانیانە. وەک زاندراوە لەنێو پەروەردەی مامۆستایانی پارێزگای سنە و ئەندامانی یەکیەتییە‌ پیشەییەکان‌، مووچەی ٢٢٠ مامۆستا کەم کراوەتەوە، نێزیکەی ٥٠ مامۆستا لە نیزامی پلەبەندیی مووچە بێبەش کراون، زیاتر لە ١٥ مامۆستا دەستبەسەر کراون، بێجگە لە چەندین حاڵەتی هەڕەشە، بەبیانووی ئەمنیەتی دۆسیەی بەناو قەزایی بۆ دەیان مامۆستا کراوەتەوە و لە ڕەوتی کار و چالاکییە پیشەییەکانیاندا مەرجدار کراون. جێگەی ئاماژەیە کە پێگەی پارێزگای سنە لە بواری بەربڵاویی چالاکییە پیشەییەکانی مامۆستایاندا بەردەوام خۆی لە لوتکەدا دەبینێتەوە، هەربۆیە دەسەڵات بە شێوەیەکی تایبەتی و دوژمنکارانەتر لە هەر شوێنێکی دیکە چاوی لەم ناوچەیە بڕیوە. هەڵبەت دۆخی پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش هیچ لەو باشتر نین و دەسەڵات هەردەم لەسەر پێیە هەتا بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆیان پلانی دوژمنکارانەیان بۆ دادەبڕێژێ و لە ئەگەری بەرزبوونەوەی هەر دەنگێکی جیاواز لە جێدا کپی بکات.

خەبات و تێکۆشانی مامۆستایانی کوردستایان لەمەڕ دەستەبەربوونی ماف ‌و ئازادییەکانیان زیاتر لە دوو دەیەی تێپەڕاندووە و لەم ماوەیەدا جیالەوەی هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە دیوە و خەساری جیددی وەبەر بەشێک لە ئەندامە هەرە دڵسۆز و کاراکانی کەوتووە، لە بەرانبەردا ناکرێ چاوپۆشی لە دەستەکەوتەکانیان بکەین و ئەم ڕۆژانە شوێنەواریان بەڕوونی لە شۆڕشی ژینادا دەردەکەون کە ڕەنگە بەرچاوترینیان هاندان ‌و فێرکردنی قوتابیان بۆ سووربوون لە داوا و مافەکانیان بێت.

لە ڕاستیدا هەر مامۆستایەک وەختێک سەرەتای ساڵەکانی خزمەتی لە شار و گوندە بێبەشکراوەکانی کوردستان دەست پێ دەکا، بە شێوەی سروشتی هەست بەو کەم‌وکووڕی و هەڵاواردنانە دەکا کە دەسەڵاتی داگیرکەر بە سەر پرسی فێرکاری و گەلی ئێمەی هێناوە. جا لێرەدا بەشێک لە مامۆستاکان کە خاوەنی ویژدانێکی زیندوون، هیچ کە لە هەمبەر ئەم سیاسەتە زاڵمانە و چەوتەدا بێدەنگ نابن، بەڵکوو وەک مامۆستایەکی ستراتێژ و ڕێدۆز قوتابخانە دەکەنە مەتەرێزی خەبات و خۆیان لە ڕیزی مامۆستایانی مافخواز و دەروەستی کوردستاندا دەبیننەوە. مامۆستای مافخوازی کورد بەرز و دوور لە پرسەکان دەڕوانێ و ژینی هەڵۆیی دەکاتە سیمبولی ژیانی خۆی و لە مەیدانی کردەوەدا ڕوو لەگەلی ستەملێکراوی خۆی  و پشت بە دوژمنی داگیرکەر هەڵوێست دەگرێ. ئەو ڕاستیەش دوژمنی هەراسان کردووە، بۆیە سزای فرەجۆر بۆ مامۆستایانی کوردستان دەبڕێتەوە.  

هەروەک دەزانین، جاران دێکۆراسیۆنی دەرودیواری قوتابخانەکان و کلاسەکانی دەرس بە دڵی دەسەڵات چندرابوو. بۆ وێنە، لە وێنەی فەرماندەرانی قاتڵ و جینایەکارەوە بگرە هەتا دوو گەورە دیکتاتۆری ناحەز -خومەینی و خامنەیی- یان بە قسە بێ‌ماناکانیان تێکڕای فەزای قوتابخانە و کلاسەکانیان ناشیرین کردبوو. هەروەها ئەگەر قوتابیەک دەنگی لەمەڕ مافەکانی هەڵبدایە، مامۆستایانی دەستەمۆ یان بەرێوەبەری قوتابخانەکان بەبێ‌ترس ‌و خۆف هەڵیان دەکوتایە سەری بۆ خۆشخزمەتی بە باڵاسەرە جینایەتکارەکانیان، ئێستا و داهاتوویان لێ وێران دەکرد. بەڵام ئەمساڵ، واتە ساڵی خوێندکاری ژینا، ئەم پرسانە چیتر وەک ساڵانی ڕابردوو نەماون. هەڵسوکەوتی دەستەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، دێکۆراسیۆن، ڕادەی چۆنیەتی و چییەتیی چاوەڕوانی لە قوتابیان، دروشمی سەر دەرو دیوارەکان، مژارو بابەتەکان، ڕەفتاری مامۆستایانی دەستەمۆی دەسەڵات یان بەرژەوەندخوازەکان، بەشێک لەو پرسانەن کە دەکرێ جێگەی سەرنج و ئاماژە بن.

 دەستپێکی ئەمساڵی خوێندکاری لە ئێران هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای ڕووداوی دڵتەزێنی ژینا، هەر بۆیە ١ی ڕەزبەری ئەمساڵ بە ڕەنگ و بۆیەکی تەواو جیاوازەوە دەستی پێ کرد و جەرگەی قوتابخانەکانی کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، بەشێکی گرینگ لە ڕەوتی بزوتنەوەی ئازادیخوازنە پێک دێنن. ئێستا کە شۆڕشی ژینا چوارەمین مانگی خەبات ‌و ململانێ تێپەڕ دەکا، ئەوەتا کچان و کوڕانی چاونەترسی کورد تەژی لە ڕۆحی کوردایەتی ‌و ئازایەتی، قوتابخانەکانیان کردۆتە مەتەرێزی بەرگریی لە مافە ڕەواکانیان و بەکردەوە ئاڵای سرودی نەسرەوتن تا سەرکەوتن دەشەکێننەوە و بە دنیایەک هیوا و ئاواتەوە لە داهاتووی گەشی خۆیان دەڕوانن. ئەگەر بە هندێک وردەکاری تایبەتەوە زیاتر لە قوتابخانەکانی کوردستان وردببینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە هەر ئێستا شوڕشێکی فێرکاری‌ و خوێندکاری لە ئارادایە کە لە چەندین ڕەهەندەوە نێوەڕۆکی دەسەڵاتی ئیدیۆلۆژیکی خوێنمژی ئاخوندی نیشانە گرتووە. بۆ وێنە:

- دەرو دیواری کلاسەکانی دەرسی بە دروشمی هەمەڕەنگ تا بن میچ بە دروشمی ڕۆژ نەخشێندراون، تەنانەت لە سەر مێز و کورسی مامۆستاکانیش پەیام بۆ مامۆستاکان دانراوە (ئێرە جێگەی مامۆستای باشەرەفە). جێگەی ئاماژەیە قوتابیان بە ڕادەیەک چاونەترسن کە هیچکام لە پێرسنێلی قوتابخانەکان لە خۆیان ڕانابینن دروشمەکان بسڕنەوە.

- کچان لەنێو کلاسەکان و قوتابخانەدا حیجابی داسەپاوی ڕێژیمی خومەینی‌یان فڕێ داوە و چیتر ناخوازن دیلی دەسەڵاتی داعشی ئێرانی بن.

- وێنەی گەورە جینایەتکاران خومەینی و خامنەیی کە جاران سەرتابلۆی کلاسەکان بوون، ئێستا چوونەتە نێو زبڵدانەکان و جێگەی خۆیان داوە بە دروشی "ژن، ژیان، ئازادی".

- لە زۆربەی قوتابخانەکاندا مودیران و ئەندامانی سەر بە دەزگای سیخوڕی (بەسیج و حەراسەت) لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قوتابیانی بوێری کوردستان دەستەوەستان ماونەتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەم کەسانەش بۆیان دەرکەوتووە کە ئاهەنگی ئازادی نیزیکە و چیتر ناخوازن ببنە دەستەچیلەی ئاگری جینایەتکاران. ئەو مامۆستایانەی دڵ و جوربزەی ئەوەیان نییە خۆیان لە شەپۆلەکانی دەریای ڕاپەڕین بدەن و دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی قوتابیان، کۆنتڕۆڵی کار لە دەستیان دەرچووە و لەگەڵ دژکردەوەی جیددی قوتابیان ڕووبەڕوو دەبنەوە. تەنانەت لە چەند حاڵەتێک دا مامۆستایان لە ناچاری دا داوای خانەنشینی پێشوەخت دەکەن.

کۆمەڵگەی ئێمە کە ئەمڕۆ لە دژوارترین بارودۆخدا شانازی بە ڕۆڵە چاونەترسەکانی خۆی لە پانتایی قوتابخانەو پرسی پەرەوەدەدا دەکا، پێویستە لەم بوارەدا دوو خاڵ لەبەر چاو بگرێ: یەکەم لە جیاتی ترساندن و پاشەکشە پێکردن، پێویستە پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی منداڵەکانیان بکەن هەتا داهاتوویەکی باشتر لە گەورەکانیان هەبێت، لە هەمان کاتیشدا دەبێ بە چڕی پارێزگارییان لێ بکەن مەبادا دەستی ناپاکیان پێ‌بگات و کارەساتی دڵتەزێنی لێ‌بکەوێتەوە. دووهەم گەلی ئێمە لە باری پرسی فێرکارییەوە دەبێ خۆی بە قەرزداری ئەو مامۆستایانە بزانێ کە شان بەشانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، منداڵانی کۆمەڵگەی ئێمەیان بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ڕاهێنا هەتا لە بەرانبەر بە بێ‌رەوشت ترین دەسەڵاتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ڕاپەڕن و بۆ داهاتوویەکی باشتر تێ‌بکۆشن.  

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.