![](/content/upload/1/news/58126_w920.jpg)
وەزیری دەرەوەی کانادا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تا ئەوە کاتەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ناچار بە وڵامدانەوە نەکەین گوشارەکانمان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی کانادا، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دوو کەس بە ناوەکانی وەحید یامینپوور، چالاکی ڕاگەیاندن و نزیک بە ڕێژیمی ئێران و هەروەها بەرپرسی شۆرای باڵای گەنجان لەگەڵ موحسێن قومی، جێگری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی نووسینگەی عەلی خامنەیی بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی مافە مرۆییەکان خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە سێ دامەزراوەی سەر بە ڕێژیمی ئێران وەکوو "ڕۆژنامەی ئێران، هەیئەتی چاوەدێری بەسەر ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەی ١٥ی خورداد''ی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
هاوکات لەگەڵ سەپاندنی ئەو گەمارۆگەلە بەسەر ڕێژیمی ئێراندا مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کانادا جەختی لەسەر پێویستیی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کردەوە و لە تویتێکدا نووسیویەتی: ''ڕێژیمی ئێران دەبێ لەبەرامبەر سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران وڵامدەر بێت''.