کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ئورووپایی داوای کۆتاییهێنانی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە دەکەن

10:32 - 20 بەفرانبار 2722

وڵاتانی ئورووپایی لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی دوو گەنجی دەسبەسەرکراو لە ئێران و هەروەها مەترسیی لەسێدارەدانی چەندین هاووڵاتیی ئێرانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ڕێژیمەوە، باڵوێز و دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامییان بانگ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، یەکیەتیی ئورووپا، بریتانیا، فەرانسە و نۆروێژ، بە مەبەستی کاردانەوە و گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر لەسێدارەدانی خەڵکی دەسبەسەرکراوی ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێران، باڵوێز و دیپلۆماتە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە وڵاتەکانیان بانگ کردووە.

یەکیەتیی ئورووپا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەهەمبەر لەسێدارەدانی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران، سەرەڕای بانگهێشتی حوسێن دێهقانی، باڵوێزی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، داوای لە بەرپرسە باڵاکانی تاران کردووە کە بە خێراترین کات سزای لەسێدارەدان بۆ خەڵکی دەسبەسەرکراوی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران هەڵبوەشێننەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە، جیمز کلۆرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، سەبارەت بە لەسێدارەدانی ''محەممەد مەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی" و هەروەها مەترسیی لەسێدارەدانی چەندین بەندکراوی دیکە لە ئێران، جێگری باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە لەندەن بانگ کردووە و بە توندترین شێوە ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کردووە.

هەروەها وڵاتی فەرانسە، سەبارەت بە سەرکوتی خەڵکی راپەڕیوی گەلانی ئێران و لەسێدارەدانی خەڵکی دەسبەسەرکراو باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کردووە و داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە کۆتایی بە جینایەتەکان و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ بێنێت.