کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی، خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بە خەیانەت تۆمەتبار کردووە

10:33 - 20 بەفرانبار 2722

ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای تۆمەتبارکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بە خەیانەت، بە بەرپرسانی دەزگای دادوەری ڕێژیمی ڕاگەیاندووە کە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە.

عەلی خامنەیی، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بەفرانباری١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری قوم، سەرەڕای ئەوەیکە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێرانی دژی ڕێژیم بە خائین ناو برد وتی کە وڵاتانی ئورووپایی بە پڕوپاگەندە دەیانهەوێت خاڵە بەهێزکانی کۆماری ئیسلامی لەنێو بەرن و هۆکاری سەرەکیی ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییانەی بۆ دوژمنی دەرەکی گەڕاندووەتەوە و داوای لە بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ڕێژیم کردووە کە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران ببنەوە.

خامنەیی هەروەها بە تۆمەتبارکردنی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئامریکا لە سەرهەڵدانی ئەو ڕاپەڕینانەدا وتی: "بەرپرسی سەرەکیی سەرهەڵدانی ئەو ڕاپەڕینە ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایین کە زۆر بەر لەو ڕاپەڕینەدا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران  ڕۆڵی گێڕاوە''.

عەلی خامنەیی لە کۆتایی قسەکانیدا بەبێ ئەوەیکە ئاماژە بە داواکارییە ڕەواکانی گەلانی ئێران کە بریتین لە ئازادی و دادپەروەری و هەروەها جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و دەستهەڵگرتن لە کوشتن و سەرکوت و ئەشکەنجەی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بکات، وتی: ''دوژمنانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات ڕێبەریی ئەو خۆپیشاندانانە دەکەن، ئەو کەسانەش کە دژی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندان دەکەن خائین بە وڵاتن و دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات، تا ئێستا بە سەدان کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژراون و بە هەزاران کەسیش دەسبەسەرکراون کە چەندین کەسیان لە سێدارە دراون و ئێستاش مەترسی لەسێدارەدانی چەندین کەسی دەسبەسەر کراو لەلایەن ڕێژیمەوە لە ئارادایە.