کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵات

10:54 - 20 بەفرانبار 2722

ڕەزا دانشجوو

شۆڕشی ژینا لە کاتێکدا سەد ڕۆژیی خۆی تێپەڕاند کە خرۆشی دووبارەی شەقام خوێنێکی تازەی ڕژاندە نێو دەمارەکانی شۆڕشەوە و ڕێگای ئازادیی هەموارتر و ڕژێمی تاوانکاری پەرێشانتر کرد. چاوخشاندنێک بەو ڕووداوانەی کە لەم سەد ڕۆژەدا ڕوویان داوە، تاقمێک تایبەتمەندیی ناوازەمان بۆ دەردەخات کە دەتوانێت لە بەهێزکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان زۆر کاریگەر بێت.

 ئەگەرچی پڕۆسەی بزووتنەوەی شۆڕش لەم سەد ڕۆژەدا هەوراز و نشێوی جۆراوجۆری هەبووە، کە ئەمەش لە بەرانبەر دەسەڵاتی تاوانکار و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیدا کە هەر ڕەخنەیەک بە گوللە وەڵام دەداتەوە، تەواو ئاساییە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەستکەوتی ناوازەی زۆریشی هەبووە، کە لە گرنگترینەکان دەکرێ ئاماژە بکرێت بە یەکگرتوویی بێوێنەی نێوان گەڵانی ئێران، بەشداریی بەهێزی گەنجەکان و ژنان، تێکڵاویی گرووپە جیاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. وەک گوترا چاوەڕوانی بوونی خەڵک لە شەقامەکان بە شێوەی "هێڵکارێکی هێڵی" بەرەو سەرەوە تەواو ناڕاستە، ڕێژێمی ویلایەتی فەقێهـ هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەک قەبووڵ ناکات، پێویستە مرۆڤ سەبر بگرێت، ئێرە نە "تونس"ە و نە "میسر" ، تەنانەت نە "لیبی". ئەوەی لە شۆڕشی ژینا تا ئێستا دیتراوە "هێڵکارێکی سینوسی"یە بە شەپۆلی نایەکسانەوە. بەپێی بارودۆخەکە، گەورەیی ئەم شەپۆلانە جیاوازە، ئەمە واقیعی شەقامە، کە لەسەر بنەمای هۆکاری جۆراوجۆر دروست دەبێت. خاڵی گرنگ لەم جووڵەدا، مەودای نێوان زۆرترین خاڵ و کەمترین خاڵە، کە کەم و قبوڵ کراوە. 

خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە بە پێچەوانەی ئەوەی ڕێژیم دەیهەویست بە دۆزینەوەی لوتکەکان هەوڵی ڕاگرتنی ئەم بزووتنەوەیە بدات، ئەم شەپۆلانە بەتەواوی ناڕێکن و ناتوانرێت هیچ ڕێکخستنێکی بۆ دیاری بکرێت. هەروەک گوترا بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەتییەی کە ڕێژیم دروستی کردووە، زۆرێک لە خۆپیشاندانەکان بەبێ پلانی لەپێش‌داڕێژراوە  و سەربەخۆ ڕوو دەدەن، ئەمەش وایکردووە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیم تەواو لاواز بێت. کوردستان، وەک پێشەنگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەڵانی ئێران، لەم سەد ڕۆژەدا شوێنی خوڵقاندنی داستانە بێ‌هاوتاکان بووە، کە لە درێژەدا بەکورتی باس لە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵات دەکەین.

یەکگرتوویی ناوازەی خەڵکی ڕۆژهەڵات

بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ڕۆژهەڵات لە هیچ قۆناغێکدا شاهیدی لێکنزیکبوونەوەیەکی لەو شێوەیە نەبووە، چ لە سەردەمی کۆماری کوردستان و ئەو کەشوهەوایەی کە بۆ پەرەپێدانی بەها هاوبەشەکان دروست بووە، چ لە کاتی ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ٥٧ و بوونی خەڵک بۆ بەدەستهێنان مافە داواکراوەکان، ئەم ڕادە لە پێکەوەبوون هەرگیز بوونی نەبووە. ئاوڕدانەوەیەک لە سەرەتای شۆڕشی ژینا، پاڵپشتی باڵادەستی شارەکانی کوردستان بۆ یەکتر، لاپەڕەیەکی زێڕینی مێژووی ڕۆژهەڵاتە.  ئەو خەڵکەی کە لە سەختترین ڕۆژەکاندا پێشوازییان لە گوللەی داگیرکەران کرد بۆ ئەوەی خوشک و براکانیان لە شارەکانی تر لەژێر فشاری سەرکوتکردنی ڕژیم بێنە دەر. ئەم دیمەنە دەگمەنە چەندین جار بیندرا، کاتێک شارێکی ڕۆژهەڵات لەژێر فشاری سەرکوتکردن و کوشتاری ڕێژیم بوو، شارەکانی تر شەقامەکانیان خرۆشاند و بەم جۆرە ماشێنی سەرکوتکاری ڕێژێمیان ڕاگرت. جوغرافیایەک کە مرۆڤەکانی بۆ یەکتر دەمرن، شەرەفی مێژووە، ئیلهامبەخشی ئازادی و ژیانبەخشینە.

چاوخشاندنێک بە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان جیا لەو لێکنزیک‌بوونەوەیە کە لە سەرەوە باسمان کرد، دەمانگەیەنێتە خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ و ئەویش بەربڵاوی جوغرافییەیە کە لە شۆڕشی ژینادا بەشدارە. لە ورمێ تا ئیلام هیچ شوێنێک نییە کە لە شۆڕشی ژینادا ئامادە نەبێت، ئەندامانی یەک جەستە کە بۆ یەکتر دەژین و بۆ یەکتر دەمرن. لە هەمووی گرینگتر بەشداریی ناوازەی بەشێک لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتە کە ساڵانێکە لە سایەی سیاسەتی دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامیدا هەوڵی دوورکەوتنەوەیان لە جوغرافیای کوردستان و لەبیربردنەوەی نیشتیمانی دایکیان و بەستنەوەیان بە نیشتمانێک و شوناسێکی دیکە دراوە. ئامادەبوونی مێژوویی شارگەلێک وەک قوروە و بیجاڕ لە سەر شەقام و دووپاتکردەوەی چەندین جارەی پاڵپشتییان بۆ شۆڕشی ژینا، فۆرم و جۆری بەشداری و بەرخۆدانی قارەمانانەی خەڵک لە شیروان چەرداول، سەرابڵە، ئابدانان، کە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی تەواو ناهۆمێد کرد، دەسکەوتێکی بێوێنەی شۆڕشی ژینا بوو. ئەو شارانەی ساڵانێکە شاهیدی توندترین شێوەی ئاسیمیلاسیۆن و پاکتاوکردنی نەتەوەیی بوون و هەموو جۆرە پیلانێکیان بۆ بێکاریگەربوون لە جوگرافیای کوردستاندا ئەزموون کردووە، ئێستا ئاڵا هەڵگری شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی ڕۆژهەڵاتن.  ئەو مرۆڤانەی داستانی نەسرەوتن و بەرخۆدانیان کۆشکی دیکتاتۆری درۆ و سێدارەی لەرزاند،  پارچە پارچەی جەستەی نیشتمانێکی خەمگین کە جگە لە باوەشی دایکدا ئارام ناگرن.

هەماهەنگی نێوان لایەنە کوردییەکان

هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە کوردستانییەکان، چ لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاری چ لە شێوەی کۆبوونەوەی جۆراوجۆردا، توانای زیاتری خستە بەردەستی سیاسەتمەدارانی کوردستان. بە بەراورد شۆڕشی ٥٧ و ساڵەکانی دوای ئەو، نیزیکی و هەماهەنگیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر باشتره. هەرچەندە بە دڵنیاییەوە خاڵی لاوازیش هەن و دەبێت هەنگاو بۆ چارەسەرکردنیان بگیرێتەبەر، بەڵام ئەوەی گرینگە لایەنە کوردییەکان ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش هەڵبژاردووە، ڕێگایەک کە دەتوانێت قورسایی و کاریگەرییان لە داهاتووی سیاسیی ئێراندا زۆر زیاد بکات.

تێڕوانینی سیاسی لە ڕۆژهەڵات

ئەوەی ناسنامەی بە شۆڕشی ژینا بەخشی و وای کرد لە سنوورە جوغرافییەکان تێپەڕێنێت، فۆرم و سروشتی ئەم شۆڕشەیە. شۆڕشێک کە لەسەر بنەما و بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی و دوور لە هەر دروشمێکی سۆزداری دامەزراوە.  "ژن، ژیان، ئازادی"، "کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان"، "کورد، بەلووچ، ئازەری، ئازادی، بەرابەری"، دروشمگەلێک کە ڕوانگەی سیاسی باڵای خەڵکی کوردستان پیشان دەدەن و ڕێگایەکی ڕوونیان بۆ شۆڕشی ژینا دیاری کردووە ،ڕێگایەک بەرەو دێموکراسی و ژیانی ئاسایی کۆمەڵانی جۆراجۆری خەڵک بەبێ گوێدان بە زمان و نەتەوە و لەسەر بنەمای پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە. جگە لەوەش بوونی ژنانی کورد وەک پێشەنگی شۆڕشی ژینا نیشانەی پێگەی ژنانە لە کۆمەڵگای کوردستان و وێنەیەکی ڕوونی دیدگای سیاسی و جووڵەی ڕوو بە پێشەوەی ڕۆژهەڵاتە.  خاڵی گرینگ ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ بەلارێدابردنی شۆڕشی ژینا، هەروەها هەندێک قسەی بێ‌بنەمای تاقمێک لایەنی سیاسییە بیرتەسک و پاوانخواز، خەڵکی کوردستان بە جەختکردنەوە لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان وبە دوور لە هەر کەشێکی سۆزدارییەوە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا دەڕۆن و سووڕن لەسەر ڕێگا و ڕێبازیان.

ئەم تایبەتمەندییە ناوازانە و پێشەنگیی خەڵکی کوردستان و ئامادەبوونی وشیارانە و ئامانجدارانەیان لە شۆڕشی ژینادا وای کرد خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران کە ساڵانێک لەژێر دروشمی دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆردا وێنەیەکی ناڕاستەقینەیان لە کورد هەبوو، زۆر باشتر لە واقیعی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان ئاگادار بن. ئەم تێگەیشتن و حاڵیبوونە دەتوانرێت بەباشی لەو دروشمە جۆراوجۆرانەی کە لەم ماوەیەدا دراون بدۆزرێتەوەوە.  ئێستا "جیاییخوازی" و هەوڵدان بۆ چاندنی ئەو عەقڵییەتە لە خەڵکی پارچەکانی دیکەی ئێراندا هەوڵێکی بێهودە و بێ‌ئەنجامە و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە قسەکانیان ئیتر هیچ کڕیارێکی نییە. خاڵێکی تر کرانەوەی ڕێگایەک بۆ گەیشتنی گوتاری بنیاتنەری خەڵکی کوردستان بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهانە، ئێستا هەموو جیهان شۆڕشی ژینا بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی" دەناسێت. دروشمێک کە چەندین جار بە کوردی لەسەر ڕووبەرگی ڕۆژنامە و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و شوێنەوارە بەناوبانگەکانی دونیا نووسراوە.  کوردستان و شارەکانی چەندین جار توانیویانە بگەنە لوتکەی هەواڵە جیهانییەکان و بەناوبانگترین سیاسەتمەدارەکانی جیهان باسیان کردووە، ئێستا قورسایی خەڵکی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا زۆر بەرچاوە و سیاسەتمەدارانی ئەوروپی و ئەمریکیش بە باشی ئاگاداری ئەم بابەتەن. 

ئاماژەکردن بە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ئایندەی ئێرانیشدا خاڵێکی گرنگە کە لەوتارەکانی زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی بیانیدا دەبینرێت، بۆ نموونە لە پلانی هەندێک لایەنی ئەڵمانی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا بەڕوونی باس کراوە کە پێویستە حکومەتی ئەڵمان پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تایبەتی ئۆپۆزسیۆنی کورد بکات. ئەم سەرنجە دەتوانێ زۆر کاریگەر بێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە ئێراندا. ئاشکرایە کە سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا و بەدیهێنانی خواستە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و ئێران بەندە بە پاراستنی ئەو تایبەتمەندییە ناوازانەوە، ئەم تایبەتمەندییانەی کە کۆماری ئیسلامی لێیان دەترسێ و لەوپەڕی نیگەرانیدایە و هەوڵی پەکخستنیان دەدات.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٨ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.