کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ڕاوێژکردن بۆ ڕاگەیاندنی ناوی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەستی پێ ‌کردووە

16:40 - 20 بەفرانبار 2722

وەزیری دەرەوەی کاروباری ئاڵمان ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ناوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ڕابگەیەندرێت، ڕاوێژکردن لەو بارەیەوە دەستی پێ کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی کاروباری دەوڵەتی ئاڵمان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ''هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی سەرکوت و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکانمان بۆ ئەوەی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنرێت خەریکین لەو بارەیەوە وتووێژ دەکەین''.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوەش کرد کە جگە لەوەیکە هەوڵەکان بۆ تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ئەنجام دەدرێن، فەرمانی داوە کە باڵویزی ڕێژیمی ئێران بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتەکەی بانگ بکەن و بە ڕوونی ئەو پەیامە بە ڕێژیمی ئێران بگەیەندرێت کە زوڵم و ستم، لەسێدارەدان و سەرکوتی خوێناویی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بێوڵام نابێت.