کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران بڕیاری توندی لەبارەی حیجابەوە دا

17:15 - 20 بەفرانبار 2722

دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەسەر حیجابی زۆرەملێ بڕیاری توندی دا و ڕایگەیاند کە بە توندترین شێوەی سزای کەسانی بێ حیجاب بدرێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، محەممەد‌جەعفەر مۆنتەزری، دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەخشنامەیەکدا فەرمانی بە هێزی ئینترامیی ڕێژیم داوە کە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە کە یاسای حیجاب پێشێل دەکەن و دەبێ حیجاب لە ئێراندا ببێتە زۆرەملێ و کەس بۆی نییە بێ حیجاب بێت.

هەر لەو بارەیەوە، عەبدولسەمەد خوڕەم‌ئابادی، جێگری دادستانی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە جگە لە دادستانی گشتیی ڕێژیم، غوڵامحوسێن ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران، بە دادستانەکانی گشتیی و ئینقلابی سەرانسەری ئێرانی ڕاگەیاندووە کە هەموو توندوتیژییەک لە بەرانبەر ئەو کەسانەی کە یاسای حیجاب پێشێل دەکەن بگرنە بەر و نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێ بێ حیجابی لە ئێراندا هەبێت.

لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیمەوە سەری هەڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا سەرپۆشەکانیان ئاگر تێبەردا و بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە شوینە گشتییەکاندا دەرکەوتن.