کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی" یزاکا" سەبارەت بە لەسێدارەدانی لاوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

09:58 - 21 بەفرانبار 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان (یزاکا) سەبارەت بە لەسێدارەدانی لاوانی ڕاپەڕیوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

هاونیشتمانییان و شۆڕشگێڕانی شەقام"، مامۆستایانی ئایینی و حیزب و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و دڵسۆزانی وڵاتپەروەر!

هەروەک ئاگادارن کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامیی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، بە شێوەیەکی دڕندانە دەستی کردووە بە ئازار و ئەشکەنجدان و کوشتنی لاوانی بێ تاوانی ئێران، لەم پێناوەشدا زیاتر لە ١٠٩ بەندکراوی خۆپیشاندانەکانی بە سزای سێدارە حوکم داوە و تاکوو ئێستاش چەندین لاوی بێ تاوانی ئەم وڵاتەی لەسێدارە داوە و سەدان بنەماڵەی داخدار کردووە.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم ڕەوتە نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوا دەکەین شەقام بگرنە دەست و پشت و پەنای لاوانی شۆڕشگێڕی ئەم وڵاتە بن و پاڵپشتییان بکەن و ڕێگە مەدەن زیاتر لەوە پاسدارانی تێرۆریست و دواکەوتووی ڕێژیمی جینایەتکار، خوێنی لاوانمان بڕێژن، هەروەها داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژاوایی دەکەین ئەم جینایەتانەی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران وەک جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی ناوزەد بکەن و بنکە و بارگای تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی خۆیان دابخەن.

بڕووخێت، ڕێژیمی تاریکپەرستی ئاخوندیی ئێران

سەرکەوێت ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئێران

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٢٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی