کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتمەدارێکی ئاڵمانی سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەری لە جوانڕۆ مەحکووم کرد

16:49 - 11 بەفرانبار 2722

سیاسەتمەدارێکی ئاڵمانی سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە شاری جوانڕۆ مەحکووم کرد و وتی، ئەو ڕێژیمە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی دژی خەڵکی خۆی شەڕ دەکات. 

نۆربێرت ڕۆتگەن، نوێنەر و ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی ئاڵمان لە تویتێکدا سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەری لەلایەن هێزە خوێنڕێژەکانی ڕێژیم لە شاری جوانڕۆ مەحکووم کرد و داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سپای تێرۆریستیی پاسداران بخاتە نێو لێستی تێرۆرەوە.

ڕۆتگەن لەو تویتەدا نووسیویەتی کە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، لە شاری جوانڕۆ بە خۆپیشاندانێکی بەربڵاوی خەڵک کۆتایی پێهات.

ئەو سیاسەتمەدارەی وڵاتی ئاڵمان ڕێژیمی ئێرانی وەک سەرچاوەی تێرۆر ناساندووە و هەروەها وتوویەتی، ناوەندی هێزی ئەو ڕێژیمە سپای پاسدارانە و بۆیە دەبێ یەکیەتیی ئورووپا ئەو سپایە بخاتە نێو لیستی تێرۆرەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی دوای ئەوەیکە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێگەیان نەدا ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهیدانی شاری جوانڕۆ بەڕێوە بچێت شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم هاتە ئاراوە کە لە ئاکامدا لاوێک بە ناوی بورهان ئەلیاسی شەهید کرا چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرکوتی بێ بەزەیانەی خەڵکی خۆپیشاندەر لە ئێران، وڵاتانی ئورووپایی هان داوە کە گەماڕۆی زیاتر بخەنە سەر سپای پاسداران و ئەگەری ئەوەش زیاد دەکات کە وتووێژەکانی بەرجام بە یەکجاری ڕابگیرێن.