کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

10:18 - 21 بەفرانبار 2722

پاش بەڕێوەچوونی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕین لە شاری جوانڕۆ، ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵک و دەسبەسەرکردنی لاوەکان، هێزێکی زۆری ڕەوانەی ئەو شارە کردووە.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی حیزبی دێموکرات گەییشتووە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، پاش سەرهەڵدانی گشتیی گەلانی ئێران بە تایبەتی گەلی کورد لە کوردستان، هێزێکی زۆری بۆ سەرکوتکردن و دەسبەسەرکردنی خەڵک، ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کردووە.

پاش بەڕێوەچوونی چلەی شەهیدانی "شۆڕشی ژینا" لە جوانڕۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی ئەو شارە لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان، ڕێژیم هێزێکی زۆری ڕەوانەی ئەو شارە کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە خەڵک دەسبەسەر دەکەن.

هێزەکانی ڕێژیم بەردەوام دەڕژێنە نێو ماڵی هاووڵاتییانی جوانڕۆ و سەرەڕای دەسبەسەرکردنی لاوانی ئەو شارە، بە دوای ئەو بریندارانەدا دەگەڕێن کە سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە.

لە ڕەوتی ئەم ڕاپەڕینەدا هێزەکانی ڕێژیم بەردەوام بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان کردووە و ئێستاش بە دوای ئەو بریندارانەدا دەگەڕێن کە سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە، بۆیە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییان و لاوەکان دەسبەسەر دەکەن.