کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "گوڵئەندام گەیلانی" لە ورمێ کۆچی دوایی کرد

17:53 - 21 بەفرانبار 2722

دایە "گوڵئەندام گەیلانی" ئەندام و دۆستی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کچی سەید "فەهیم گەیلانی" خەڵکی گوندی "گۆجار"ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بنەماڵەی دایە "گوڵئەندام" لە دوای شۆڕشی "عوبەیدوڵڵای نەهری" هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرەڕای دەربەدەری و ماڵوێرانییەک کە بۆیان هاتووەتە پێشەوە بۆ وەدەستهێنانی مافی ڕەوای کورد، بێ هیوا نەبوون و بە درێژایی شوڕشە یەک لە دوا یەکەکانی گەلی کورد، لەو شۆڕشانەدا بەشداربوون.

دایە گوڵئەندام لە بنەماڵەیەکی وادا پەروەردە ببوو، بۆیە هیچکات نەیتوانی لە بەرامبەر نەیارانی حیزب و گەل بێدەنگ و بێ هەڵوێست بێت.

برایەکی دایە گوڵئەندام بە ناوی سەید "عەلی گەیلانی" کەسایەتیی دیاری ناوچەی مەرگەوەڕ هەر لە سەرەتای شۆڕشی کوردستان تێکەڵ بە ڕیزی حیزبی دێموکرات بوو و پاشان بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە لەسەر ئیزنی حیزب دانیشت و هەتا کاتی کۆچی دوایی وەک  ئەندامی حیزب درێژەی بە کار و چالاکیی خۆی دا.

ماڵی دایە گوڵئەندام هەمیشە پەناگای حەسانەوەی پێشمەرگە بوو و بەردەوام خەڵکی هان دەدا کە تێکەڵ بە حیزب و شۆڕشەوە بن.

تەرمی دایە  گوڵئەندام لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.