ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ئاماری شەهیدانی راپەڕینی ژینای لە کوردستان بڵاو کردەوە.
کوردپا لە ئامارەکەی خۆیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی بەفرانبار بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی ١٠٦ راپەڕینی سەرتاسەری لە کوردستاندا، ١٢١ کەس لە کوردستان بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کراون.
بەپێی ئەم ئامارە ١٢ کەس لە شەهیدانی راپەڕینی ژینا تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە و ٥ کەسیشیان ژن بوون.
کوردپا ئاماژەی بەوە کردووە کە چەندین کەس لە شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینە بە لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید کراون و زۆرینەیان بە فیشەکی جەنگی کراونەتە ئامانجی هێزەکانی ڕێژیم.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤٠ کەس لە پارێزگای سنە، ٤٩ کەس لە پارێزگای ورمێ، ٢٩ کەس لە پارێزگای کرماشان و یەک کەس لە پارێزگای خوراسان و لە درێژەی راپەڕینی ژینادا چوونەتە ڕیزی شەهیدانی کوردستانەوە کە سێ کەسیان خەڵکی سونقوڕ بوونە و لە شارەکانی کەرەج، قەرچەک و قەزوین شەهید کراون.
کوردپا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماری هەرکام لە شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینەی بە ئاماژە بە تەمەن و ڕێکەوتی شەهیدبوونیان بڵاو کردووەتەوە.