کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یزاکا" سپاسی لێدوانەکانی "پاپ فرانسیس" دەکات، سەبارەت بە مەحکوومکردنی سێدارە

09:47 - 22 بەفرانبار 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران (یزاکا) پاڵپشتی لە لێدوانەکانی بەڕێز "پاپ فرانسیس" ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان دەکات و سپاسی هەڵوێستی ئەرێنییان لەمەڕ لەسێدارەدانی لاوانی ئێران بەدەست جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی لە پەیامێکدا سپاس و پێزانی ئەو یەکیەتییەی پێشکەش بە "پاپ فرانسیس" ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان کرد.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا "پاپ فرانسیس" ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان لە لێدوانێکدا لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرانی ئێران لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە ساڵانێکە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێت، مەحکووم کرد.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە: "بەم هۆیەوە یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بە نوێنەرایەتیی سەرجەم زانایانی سوننە مەزهەبی کورد و ئێرانی، وێڕای پاڵپشتی لە لێدوانی بەڕێزیان سپاسی ئەم هەڵوێستە مرۆڤانەیان دەکەین و هیواداریشین هەمیشە پاڵپشتی ئازادیخوازان بێت بە دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی تێرۆریستان".