لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە بەخێرایی هەموو لەسێدارەدانەکانی پێوەندیدار بە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییانەی ئێران ڕابگرێت.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بە مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی سەرەڕۆیانەی "محەممەد کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی" لە ١٧ی بەفرانبار، هۆشداریی دا کە "محەممەد قۆبادلوو" و کەسانی دیکە چارەنووسێکی هاوشێوەیان هەیە.
ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە یەک حەوتووی ڕابردوودا ٥ حوکمی سێدارەیان لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینەکان دەر کردووە.
"دیانا ئەلتەحاوی" جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوبارەوە وتوویەتی: ''هەوڵەکانی بەرپرسانی ئێران و بەردەوامیی قەتڵە حکوومەتییەکان بۆ پێکهێنانی ترس و خەفەقان لە ڕاستای ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیان، زۆر قێزەونە".
جگە لە کوژرانی سەدان کەس لە خۆپیشنادەران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی نزیک بە ٤ مانگ هەتا ئێستا ٤ لاویان لەسێدارە داوە و لە ئێستادا لاینکەم ١٠٩ کەسی دیکە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.