کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداری "نۆفێل لۆشاتۆ" تابڵۆی وێنەی "خومەینیـ"ـی لە پێش چاوی خەڵک دەشارێتەوە

11:04 - 22 بەفرانبار 2722

لەسەر داوای چەندین ڕێکخراو، بڕیارە شارەداری "نۆفێل لۆشاتۆ" لە پاریس تابڵوی وێنەی خومەینی لە پێش چاوی خەڵک بشارێتەوە و لەو شوێنە شەقامێک بە ناوی "ژینا ئەمینی" ناودێر بکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، شارەداری نۆفێل لۆشاتۆ لە نزیک پاریس، ڕایگەیاند کە تابڵۆی وێنەی "ڕوحوڵڵا خومەینی" دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چەند مانگێک پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەوێ نیشتەجێ بووە، لە پێش چاوی خەڵک دەشارێتەوە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو و لە هەمان کاتدا لەگەڵ ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران، چەندین کۆبوونەوە و خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئیسلامی لەلایەن ئێرانییەکانەوە لە نۆفێل لوشاتۆ و لە بەردەم شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی خومەینی، بەڕێوە چوو.

دوابەدوای داوای یەکیەتیی نێودەوڵەتیی مافی ژنان و بە نوێنەرایەتیی گرووپێکی پێکهاتوو لە چل ڕێکخراوی ناحکومی و ئەنجوومەنی "ژن، ئازادی"، ئەم بڕیارە دراوە.

ئەم ڕێکخراوانە داوایان کردووە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی ئێستا لە ئێران ڕوو دەدەن، مۆڵەتی "شاردنەوەی" ئەم تابلۆیە بەبێ دواکەوتن دەر بکرێت.

ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانی فەرانسەیش داوایان کردووە کە ناوی مەیدان یان شەقامێک لە نۆفێل لۆشاتۆ بە ناوی ''ژینا ئەمینی'' ناودێر بکرێت.

پێشتریش شارەداریی پاریس شوێنێکی لە پێتەختی فەرانسە بە ناوی "ژینا ئەمینی ناودێر" کردبوو.