کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروستبوونی قەیرانی وزە و نەبوونی گاز ژیانی خەڵکی ئێرانی دژوار کردووە

16:55 - 22 بەفرانبار 2722

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیان لە وڵاتانی ئورووپایی دەکرد کە لەگەڵ زستانێکی سارد و قورسدا بەرەوڕوون، کەچی ئەو کێشەیە خۆیانی گرتووتەوە و بە هۆیەوە زۆربەی شوێنەکان داخراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، پاریزگاری گیلان ڕایگەیاند کە تەواوی ئیدارەکان، دامەزراوەکان، ڕێکخراوەکان و بانکەکانی ئەو پارێزگایە بەهۆی نەبوونی گاز و سەرمای زۆرەوە داخروان و قەیرانی وزە ڕووی لە ئێران کردووە و دۆخی ژیانی خەڵک لەو زستانەدا لەوپەڕی خراپیدایە و تا ئێستا پارێزگاکانی "زەنجان، ئەردەبیل، لوڕستان، ناوەندی، هۆرمۆزگان، خۆراسانی ڕەزەوی و ئەلبورز" تووشی قەیرانی کەمیی گاز و کارەبا بوونە.

هەر لەو پێوەندییەدا، پارێزگاری گوڵستانیش ڕایگەیاند کە ناوەندی پەروەردە و دەزگاکانی بەڕێوەبەریی ئەو پارێزگایە بەهۆی نەبوونی گاز ماوەی سێ ڕۆژە داخراون و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەسی شیاو بەڕێوەبەرایەتیی بەکارهێنانی گاز ناکات، هەروەها هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئەو دۆخە چارەسەر نەبێت تووشی کێشەی گەورەتر دەبنەوە و لە خوێندن و پەروەردەی ئەمساڵ دوا دەکەون و دۆخی خەڵکی ئاساییش لەوپەڕی خراپیدایە.